قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم پێشوازی له كشاندنه‌وه‌ی پرۆژه‌یاسای “رێكخستنی میدیای ئه‌لیكترۆنی” ده‌كات، ده‌ڵێت، سۆشیال میدیای سپۆنسه‌ركراو به پاره و پولی سیاسی، به‌رپرسیاری سه‌ره‌كین له دۆخی ئاژاوه و ژه‌هراویی ناو میدیا و سۆشیال میدیا، په‌سنی كاردانه‌وه‌ی هاووڵاتیان و میدیاكارانیش ده‌كات، به‌وه‌ی ئاماده نین ده‌ستبه‌رداری مافه بنه‌ڕه‌تی و گه‌ردونییه‌كانی خۆیان بن.
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی قوباد تاڵه‌بانی :
له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای رێكخستنی میدیای ئه‌له‌كترۆنییه‌وه
زۆر كه‌س نیگه‌ران بوون له ناوه‌ڕۆكی پرۆژه یاسای میدیای ئه‌له‌كترۆنی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی دڵخۆشی و گه‌شبینییه، كاردانه‌وه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵه زۆره‌ی هاوڵاتی و میدیا و نووسه‌ر و چالاكوانه‌كان بوو له‌سه‌ر ماف و ئازادییه‌كان، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی زیندووه كه هاوڵاتیان ئاماده نین ده‌ستبه‌رداری مافه بنه‌ڕه‌تی و گه‌ردونییه‌كانی خۆیان بن كه ئازادی و ئازادی راده‌ربڕین له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌یه.
زۆرێك له‌و رۆژنامه‌نووس و میدیاكارانه‌ی قسه‌م له‌گه‌ڵدا كردوون، ره‌خنه و نیگه‌رانی جدییان له پڕۆژه یاساكه هه‌بوو؛ هێشتا له هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ن ده‌ستوری تایبه‌ت به‌خۆمان نین، هه‌روه‌ها له‌م خوله‌ی په‌رله‌مان و حكومه‌تیش بایی هێنده بارگرانی و كێشه‌ی ته‌ندروستی و ئابووری هه‌یه كه هه‌موو كاتی خۆمانی بۆ ته‌رخان بكه‌ین.
له لایه‌كیتر راستییه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گر هه‌یه ئه‌ویش هه‌بوونی دۆخێكی ئاژاوه و ژه‌هراوییه له‌ناو میدیا و سۆشیال میدیا، به‌جۆرێك ته‌شهیر و ناوزڕاندن و سوكایه‌تیكردن بووه‌ته دیارده‌یه‌كی رۆژانه، به‌ڵام له‌مه‌شدا سۆشیال میدیای سپۆنسه‌ركراو به پاره و پولی سیاسی، به‌رپرسیاری سه‌ره‌كین له‌م دۆخه، ئه‌مه‌ش ده‌رگایه‌كیتری گه‌نده‌ڵییه.
ره‌نگه هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن پشتگیری یاسایه‌ك بكه‌ن كه كۆتایی به‌و پاشاگه‌ردانییه بهێنێت، به‌ڵام به‌نده له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یه‌كێكم له قوربانییه‌كانی دیارده‌ی ته‌شهیر و ناوزڕاندن و له‌هه‌موو بۆنه‌یه‌كدا به‌راست و چه‌پدا هه‌ر ئامانجم، به‌ڵام به ته‌واوی دژی هه‌ر پڕۆژه یاسایه‌كم ئازادی راده‌ربڕین به‌رته‌سك بكاته‌وه، پێشموایه بۆشایی یاسایی باشتره له دانانی یاسایه‌ك كه ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی تێدا به‌دی بكرێت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسانه‌وه خراپ به‌كاربهێنرێت.
یه‌كێك له كێشه‌كانی پرۆژه یاسای نیوه‌چڵ، ده‌رفه‌ت ره‌خساندنه بۆ خراپ به‌كارهێنانی، هه‌روه‌ها دروستكردنی مه‌ترسییه له‌سه‌ر هاوڵاتیان كه زۆریان ته‌نها ئه‌كاونته‌كانی خۆیان شك ده‌به‌ن بۆ ده‌رده‌دڵی، من كه خۆشبه‌ختانه جگه له په‌یجی فه‌رمی خۆم، هیچ په‌یج و ئه‌كاونت و میدیاكم نییه و هه‌موو میدیای كوردیش به‌هی خۆم ده‌زانم، پێموایه ئه‌گه‌ر یاسایه‌ك هه‌بێ بۆ سزادانی میدیا و سۆشیال میدیا ئه‌وه له داهاتوودا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی به‌رۆكی ده‌زگای وه‌ك ئاوێنه و هاوڵاتی و سپی میدیا و شار پرێس و كوردستان تایمز و هاوشێوه‌كانیان و سۆشیال میدیا بێ پشت‌و په‌ناكان ده‌گرێته‌وه و كه‌ناڵ و سۆشیال میدیای به‌رپرسانی لێ پارێزراو ده‌بن، كه‌سیش ده‌ستی به په‌یج و ئه‌كاونتی بێ ناونیشان و نهێنی ناگات.
له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه ده‌ستخۆشی له كشاندنه‌وه‌ی پرۆژه یاساكه ده‌كه‌م تا ئه‌گه‌ینه قۆناغی ده‌ستوریی تایبه‌ت به‌هه‌رێمی كوردستان. با له‌بری یاسای میدیای ئه‌له‌كترۆنی، پێكه‌وه كار له‌سه‌ر پڕكردنه‌وه‌ی كه‌لێن و درزه‌كانی یاسا به‌ركاره‌كانیتر بكه‌ین وه‌ك یاسای رۆژنامه‌گه‌ری و یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی خراپ به‌كارهێنان ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن، كه ئه‌وه‌ی دووه‌میان زۆرجار بووه‌ته كێشه و بارگرانی بۆ نوسه‌ر و میدیاكاران و له‌بری یاسای رۆژنامه‌گه‌ری به‌و یاسایه زیندانی كراون، ئه‌گه‌ر بۆشاییه‌كیش هه‌یه له‌باره‌ی میدیای ئه‌له‌كترۆنی ده‌كرێت له‌ئێستادا له‌و دوو یاسایه‌دا به‌پێی ستاندارده‌كانی دنیای كراوه چاره‌سه‌ر بكرێت و جێگه‌یان بكرێته‌وه.
قوباد تاڵه‌بانی