سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، هێشتا وڵاتەکەی لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا پێویستی بە یارمەتیی ئەمریکایە و باس لەوەشدەکات، پابەندە بە ئەنجامدانی چاکسازی لە وڵاتدا. لەبارەی بردنی پەیامی ئێران بۆ واشنتن، کازمی دەڵێت، “ئێمە لە عێراق رۆڵی پۆستەچی ناگێڕین”. چاوەڕێ دەکرێت رۆژی 20ـی ئەم مانگە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆببێتەوە.
مستەفا کازمی لە بارەی یارمەتیدانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس دەڵێت “دواجار، ئێمە هێشتا پێویستمان بە هاوئاهەنگی و هاوپەیمانییە لە چەند ئاستەنگێکدا. دەکرێت ئەمڕۆ بارودۆخەکە بەو جۆرە بێت کە پێویستمان بە پاڵپشتی راستەوخۆ و پاڵپشتیی سەر زەوی نەبێت. سرووشتی گۆڕدراوی هەڕەشەی تیرۆر بڕیار لە هاوئاهەنگییەکە دەدات”، لەوانەش بەردەوامیی راهێنان و پاڵپشتی لە بواری چەکدا.
ناوبراو لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا هیچ پەیامێکی لە بەرپرسانی ئێرانەوە بۆ واشنتن پێیە؟ کازمی گوتی، “ئێمە لە عێراق رۆڵی پۆستەچی ناگێڕین”.