جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ لیژنەی ماستەرپلان وجێبەجێكاری پڕۆژەی سلێمانی نوێ كۆبوهوه كه به “پڕۆژەی سلێمانی بیست بیست” ناسراوه، له كۆبونهوهكهشدا رایگەیاند: هەموو ئاسانکارییەکی یاسایی و دارایی و کارگێڕی دەکەین بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی سلێمانی نوێ.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بە ئامادەبوونی سەرۆکی شارەوانی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی ماستەرپلان و پڕۆژەی سلێمانی نوێ كە بە پڕۆژەی سلێمانی بیست بیست ناسراوە، کۆبونەوەیەکی ڤیدیۆیی سازکرد و تیایدا کە سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی بوو، گفتوگۆکرا لەبارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و پلانەکانی شارەوانی سلێمانی بۆ خێراترکردنی جێبەجێ کردنی قۆناغەکانی ئەو پڕۆژەیە تاوتوێ کرا.
قوباد تاڵەبانی بڕیاریدا پێداویستییەکانی جێبەجێ کردنی هەنگاوەکانی داهاتووی پڕۆژەکە بە خێرایی دابین بکرێن و هەموو ئاسانکارییەکیش بكرێت بۆ ڕاییکردنی رێکارە یاسایی و دارایی و کارگێڕییەکان و خاوەنی ئەو زەوییانەش کە دەكەونە سنوری پڕۆژەکەوە قەرەبوو بکرێنەوە.
جێگری سهرۆكی ئهنجومهنی وهزیران داواشی لە دامودەزگا حکومییەکان کرد هاوکار و هەماهەنگ بن لەگەڵ شارەوانی سلێمانی و لایەنی جێبەجێکاری پڕۆژەکە بۆ ئەوەی قۆناغەکانی داهاتوو ئاسانتر و خێراتر جێبەجێ بکرێن.
ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم پڕۆژەیە ستراتیژییە و لە چوارچێوەی پلانی حکومەتی هەرێمدایە بۆ بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری هەرێم و جموجوڵی بازرگانی و پیشەسازی زیاتر دەکات و جگە لەوەش ژمارەیەكی زۆر هەلی کار دەڕەخسێنێت.
پڕۆژەی “سلێمانی بیست بیست” چەند شارێکی نیشتەجێبوون و چەند کارگەیەک و ناوچەی پیشەسازی و گەنجینەکان و عەلوەی سلێمانی و چەند خوێندنگە و نەخۆشخانەیەكیش لەخۆ دەگرێت و لەسەر رووبەری 22000 دۆنم دروست دەکرێت، ئامانجیش لێی رێکخستنەوەی ماستەرپلانی شاری سلێمانی و رەخساندنی ژمارەیەکی زۆر هەلی کار و بەهێزکردنی بواری بازرگانی و لۆجستییە کە بە هاوبەشی لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت جێبەجێ دەکرێت.