بەشێوەیەكی فەرمی لیۆنێل میسی بەهرەمەندی ئەرجەنتینی داوای رۆیشتنی لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە پێشكەش بە ئیدارەی یانەكەی كردوە.
كەناڵی بی ئێن سپۆرت بڵاویكردەوە، یانەی بەرشەلۆنە بە فەرمی داواكارییەكەی میسی بڵاوكردوەتەوە و رایگەیاندوە، ئەستێرە ئەرجەنتینییەكە نامەیەكی ئاراستە كردون و داوای كردوە یانەكە لەم ماوەیەی گواستنەوەی یاریزاناندا بەجێبهێڵێت.
ئەمساڵ سەرەڕای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و راگرتنی چالاكییە وەرزشییەكان بۆ چەند مانگێك، یانەی بەرشەلۆنەش نەیتوانی لەسەرئاستی ناوخۆیی و كیشوەری ئەوروپاش هیچ بە هیچ بكات، لە هەمووی خراپتر دۆڕاندنە گەورەكەی بو (8 بە 2 بەرانبەر بە بایرن میونشن) لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپادا، هەر بۆیە میسی یەكەم یاریزانە كە ئەو رەوشەی قبوڵ نییە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی میدیای ئیسپانی لە یانەی بەرشەلۆنەوە بڵاویكردوەتەوە، میسی لە رێی فاكسەوە نامەیەكی ئاراستەی ئیدارەی یانەكەی كردوە و داوایكردوە ئەو بەندە لە گرێبەستەكەی نێوانیان كارابكرێت، كە دوای هەر وەرزێك دەتوانێت یەكلایەنە بڕیاری رۆیشتن بدات.
لە بەرانبەردا ئیدارەی یانە كەتەلۆنییەكە جەختدەكاتەوە، ئەو بەندەی میسی باسی دەكات چەند مانگێكە تەواوبوە، لەكاتێكدا بەهرەمەندە ئەرجەنتینییەكە سورە لەسەرئەوەی رەوشی ئەمساڵ جیاوازە و بەهۆی كۆرۆناوە كۆتایی وەرزی ئەمساڵ زۆر دواكەوتوە و دەكرێت ئێستاش ئەو بەندە كارابكرێت.
بەگوێرەی گرێبەستی نێوان هەردوولا، هەر كاتێك میسی بیەوێت پەیوەندی لەگەڵ یانەكەی كۆتاییپێبهێنێت، ئەوا دەبێت یانە نوێیەكەی بڕی 700 ملیۆن یورۆ وەك مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكە بدات ئەوكات بەهرەمەندەكەی جیهانی دەستبكەوێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، بواری ئەوە هەیە هەردوولا بگەنە رێككەوتن و لیۆ بە رێككەوتن بچێتە دەرەوەی كامپ نو، هەروەك بڕیاری كۆتاییشی داوە، كە چیتر ئامادەی هیچ مەشق و راهێنانێكی تیمەكە نابێت بە سەركردایەتی رۆناڵد كۆمانی هۆڵەندی، كە دوا دیداریان زۆر خراپ بوە و میسی پێیوتوە “بەردەوام نابم”.
تائێستا یانەكانی ئینتەرمیلان، مانچستەر سیتی و پاریس سان جێرمان نزیكترین یانەن بۆئەوەی میسی لە باوەش بگرن، گەڕانەوەشی بۆ ئەرجەنتین یەكێكە لە ئەگەرەكان، بەڵام پێدەچێت زۆر بەهێز نەبێت.
لیۆی بەهرەمەند، لە 24ی حوزەیرانی ساڵی 1987 لە رۆزاریۆی ئەرجەنتین لەدایكبوە و لە ساڵی 2004وە لە پلە یەكی بەرشەلۆنە یاری دەكات و لە ساڵی 2005یشەوە بە درێسی ئەرجەنتینەوە دەردەكەوێت و هەموو شتێكی بۆ یانەكەی و خۆی كردوە و زۆرینەی نازناوەكانی چنیوەتەوە، بەڵام كاروانی وەرزشی لەگەڵ تانگۆی ئەرجەنتینی گەش نییە و هیچ وای بۆ جەماوەری هەڵبژاردەی وڵاتەكەی نەكردوە.