
ژمارەیەك پسپۆڕی تەندروستی هۆشداری دەدەن لە پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە رێگەی لوتەوە، چونكە ئاستی ڤایرۆسەكە لە جەستەدا دیاری ناكات، تەئكیدیش دەكەنەوە پشكنین لە رێگەی خوێنەوە كە لە پەنجەوە وەربگیرێت، باشترە.
بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی “نیویۆرك تایمز”ی ئەمریكی، زانایان دەڵێن “پشكنینی كۆرۆنا لەرێگەی لوتەوە كە بە PCR ناسراوە، سەرەڕای ئەوەی توانای دیاریكردنی توشبوی هەیە، بەڵام كێشەیەكی گەورەشی هەیە، بەجۆرێك ئەو تەكنیكە تەنها بە “بەڵێ” و “نەخێر” وەڵامدەداتەوە، كە كەسەكە توشبوە یاخود نا، بەڵام ئاست و بڕی ڤایرۆسەكە لە جەستەدا دیاری ناكات.
ئەو زانایانە رونیشیانكردوەتەوە، پێویستە پشكنینی خێرا بۆ گومانلێكراوان بكرێت، ئەویش لەرێگەی وەرگرتنی خوێنەوە دەبێت لە پەنجە، كە داتا و زانیاری زیاتر دەدات، چونكە لە رێگەی PCR ئەوە دیاری ناكات توشبوەكە سەلامەتە یاخود ڤایرۆسەكە دەگوازێتەوە.
لای خۆیەوە مایكڵا مینا شارەزای بواری ڤایرۆسەكان لە زانكۆی هارڤارد دەڵێت “ئەو هەڵسەنگاندنە هەنگاوێكە بۆ دواوە لە بابەتی روبەڕوبونەوەی پەتای كۆرۆنادا”.
دەشڵێت “پێویستە هەموو كەسێك پشكنینی بۆ بكرێت، بەڵام لە رێی میكانیزمی جیاوازەوە بێت و تەنها یەك رێگا نەگیرێتەبەر بۆ دۆزینەوەی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا”.