ئەندامێكی كوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق دەڵێت، پێدەچێت دوایین رێككەوتنی هەرێم و بەغدا لەبارەی خاڵە سنورییەكان و ناردنی 320 ملیار دینار، بخرێتە پرۆژەیاسای بودجەكانی 2021 تا 2023.
لە بەغدا كۆبوونەوەكانی لیژنەی داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ سێ ساڵی داهاتوو دەستیپێكرد، نوێنەری هەرێمی كوردستانیش لە كۆبوونەوەكاندا بەشدارە، لەو بارەیەوە جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، كە هاوكات ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووە، لەمیانی بەشداریكردنی لە گفتوگۆی “نیو كاژێر”ی رادیۆ نەوا رایگەیاند، پێویستە لیژنەكە پێش رۆژی 15-10 پرۆژەیاسای بودجە بنێرێتە پەرلەمانی عیراق بۆ گفتوگۆ و پەسەندكردنی.
لەبارەی ئەوەی چ رێككەوتنێكی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی نەوت و بودجە و شایستە داراییەكان و خاڵە سنورییەكان دەخرێتە ناو پرۆژەیاسای بودجەی ئەو سێ ساڵەوە، جەمال كۆچەر پێشبینی كرد دوایین رێككەوتن، كە تایبەتبوو بە رادەستكردنی نیوەی داهاتی خاڵەسنورییەكان و ناردنی 320 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان، بخرێتە ناو پرۆژەیاسای بودجەوە، بە قورسی زانی بەهۆی ناكۆكییەكان لەسەر پرسی نەوت، هیچ رێككەوتنێك لەبارەی نەوتەوە بكرێت و بخرێتە پرۆژە یاسای بودجەوە.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق پێشی وایە، پێدەچێت هەندێك لایەن لە پەرلەمانەوە گرفت بۆ پرۆژەیاساكە دروست بكەن، بەو پێیەی دەیانەوێت شكست بە مستەفا كازمی و حكومەتەكەی بێنن، ئەمە جگە لەوەی دژی ناردنی پارەن بۆ هەرێمی كوردستان.