لە پێشهاتێكی نوێ و جێ سەرنجدا، لیۆنێل میسی بەهرەمەندی ئەرجەنتینی پەیوەندی بە دوو یانەوە دەكات و دەبێتە یاریزانیان، گرێبەستەكەش دوو جەمسەری دەبێت و لە پێنج ساڵدا رودەدات.
بەگوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی “سپۆرت”ی نزیك لە یانەی بەرشەلۆنە، میسی تەمەن 33 ساڵ ئەم هاوینە دەچێتە ریزی یانەی مانچستەرسیتی و لە گرێبەستەكەیدا بڕگەیەك دەنوسرێت، كە بەپێی ئەو بڕگەیە لە ساڵی 2023دا پەیوەندی بە یانەی نیویۆرك سیتی ئێف سی ئەمریكیشەوە دەكات.
چۆن ئەوە رودەدات، راپۆرتی رۆژنامە كەتەلۆنییەكە رونكردنەوەی داوەوە و نوسیویەتی “گرێبەستە نوێیەكەی میسی بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەبێت، سێ ساڵ لە ریزی مان سیتی دەبێت و دوو ساڵیش لە نیویۆرك سیتی، كە هەردووكیان لە چوارچێوەی گروپی (سیتی فوتبۆڵ)دان و دەستە خوشكی یەكترن”.
رۆژنامەكە لەوەش زیاتری نوسیوە و ئاشكرای دەكات، موچەی پێنج ساڵەكەی میسی دەگاتە 500 ملیۆن پاوەند، واتە هەر ساڵێك بڕی 100 ملیۆن پاوەند وەردەگرێت.
تائێستا پرسی رۆیشتنی میسی لە بەرشەلۆنە بە فەرمی یەكلایی نەبۆتەوە، چونكە بەرشەلۆنە داوای مەرجی دەستبەرداربونی دەكات، كە بڕەكەی 700 ملیۆن یورۆیە، میسی-یش دەڵێت “بڕگەیەكی گرێبەستەكەمان باس لەوە دەكات، كۆتایی هەر وەرزێك دەتوانم سەربەستانە بڕۆم”. بەڵام یانە كەتەلۆنییەكە دەڵێت “لە مانگی 5ی ئەمساڵەوە ئەو بڕگەیە كۆتاییهاتوە و ئێكسپایەر بوە”.