بۆ یەكەمجار لە دوای دەیان ساڵ، حكومەتی روسیا بڕیاری دا وێنەكانی گەورەترین تەقینەوەی ئەتۆمی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بڵاوبكاتەوە، كە یەكێتیی سۆڤێتی جاران لە 30ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1961دا ئەنجامیداوە و بە نهێنی خرابوە ئەرشیفەوە.
ئاژانسی ئەتۆمیی روسیا، وێنە و ڤیدیۆ و زانیاری لەسەر تەقینەوەیەكی ئەتۆمی وڵاتەكەی بڵاوكردەوە، كە ساڵی 1961 یەكێتی سۆڤیەتی جاران ئەنجامیداوە و بە گەورەترین تەقینەوەی ئەتۆمی لەمێژوی مرۆڤایەتیدا دادەنرێت.
بەپێی دۆسییە مێژوییەكان، تەقینەوەكە لە دورگەیەكی چۆڵ لەوپەڕی باكوری بازنەی جەمسەری باكور ئەنجامدراوە، بۆمبەكە چوار كیلۆمەتر لەسەر رووی زەوییەوە تەقیوەتەوە و هێزەكەی سەرجەم بەرزیەكانی دورگەكەی لەناوبردوە و كردویەتی بە زەوییەكی تەخت.
بۆمبە ئەتۆمیەكە بە فڕۆكەیەكی بۆمبهاوێژی زەبەلاح هەڵدراوەتە خوارەوە، لە دووری 965 كیلۆمەترەوە تەقینەوەكە بینراوە و لە دوری 250 كیلۆمەترەوە هەست بە گەرمییەكی زۆر كراوە، هەورێكی ئەتۆمیشی دروستكردوە، كە بەرەو بۆشایی ئاسمان چوە.
رونیشكراوەتەوە، تەقینەوەكە ناونراوە “كورت” و لە رووی تەكنیكیشەوە ناونراوە “RDS 220″، دوای 60 ساڵ لە تێپەڕبون بەسەر ئەو تاقیكردنەوەیەدا هیچ تاقیكردنەوەیەكی دیكەی ئەتۆمی نەگەیشتوەتە ئەو هێزە، گرتەكانی تاقیكردنەوەكەش، 40 خولەكە و تێیدا وردەكاری بڵاوكراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی گۆڤاری “Popular Mechanics” سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتەی یەكێتیی سۆڤیەت، كە “نیكیتا خرۆشۆڤ” بوە، لەساڵی 1961 فەرمانی دروستكردنی بۆمبەكەی دەركردوە و وتویەتی “دەمەوێت بۆمبێكی ئەتۆمی دروستبكەین هێزەكەی 100 مێگا تۆن بێت، (یەك مێگاتۆن یەكسانە بە 10 هەزار تۆن لە مادەی TNT)، بەڵام شارەزایانی سۆڤیەت توانییان تەنها بە هێزی 50 مێگا تۆن دروستی بكەن، تەقینەوەكەش هەزارەها جار لە هێزی بۆمبەكەی هێرۆشیما و ناكازاكی گەورەتر بوە، كە لەلایەن ئەمریكاوە تەقێنرایەوە و ژاپۆن تەسلیم بو”.