وەزیری نێوخۆی نەمسا، کاڕڵ نیهامەر، دەڵێت وڵاتەکەی کەسێک تۆمەتبار دەکات کە دانی ناوە بەوەی سیخوڕی بۆ هەواڵگری تورکیا کردووە و ئێستا دەزگا پەیوەندیدارەکانی نەمسا لێکۆڵینەوە لە چالاکیەکانی دیکەی سیخوڕیکردن دەکەن.
نیهامەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: “بابەتەکە پەیوەندیی بە هەژموونی وڵاتێکی بیانییەوە هەیە لە نێو نەمسا و ئەوەش بە هیچ شێوەیەک جێی قبووڵکردن نییە”.
بەڕێوبەری گشتیی سەلامەتی گشتیی نەمسا، فرانز ڕوف، وتی: بەڵگەی ڕوون و ئاشکرا هەن لەسەر دەسەڵاتەکانی تورکیا لە وڵاتەکەماندا. دوای ئەوەی لە مانگی شەشدا پێکدادانێکی توند لەنێوان کوردەکان و تورکەکاندا لە ڤییەنا ڕووی دا، پۆلیسی نەمسا لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕی لەسەر بابەتەکە کرد و ئەم ئەنجامانەیان دەست کەوت.
وەزیری نێوخۆی نەمسا دەڵێ: یەکێک لەوانەی دەستگیر کراون دانی بەوەدا ناوە کە کاری بۆ هەواڵگری تورکیا کردووە و ئەرکەکەشی ئەوە بووە سیخوڕی بەسەر هاووڵاتییە تورکەکان و ئەوانەوە بکات کە خەڵکی نەمسان و بەڕەچەڵەک تورکن و دواتر زانیارییەکانیان بداتە دەست دەزگاکانی ئاسایشی تورکیا. دەسەڵاتی دادوەری ئوتریش بەپێی تاوانەکانیان سزایان دەدات. ناوبراو وشیاری دایە تورکیا و گوتی ئەم جۆرە کارانە چاوپۆشیان لێناکرێت.
هەروەها باسیشی لەوە کرد لە نێوان ساڵەکانی 2018 بۆ 2020 دا زیاتر لە 30 هاووڵاتی نەمسایی لە تورکیا دەستگیر کراون کاتێک چووبوون بۆ ئەو وڵاتە. بەڵگە هەن هەواڵگری تورکیا هەوڵیداوە وەکو سیخوڕ بەکاریان بهێنێت. نیهامەر وتیشی: “سیخوڕیی تورکیا هیچ جێگەی نابێتەوە لە وڵاتەکەمان و تورکیا هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر ئازادیی و مافە سەرەکییەکان لە نەمسا نابێت و بەتوندی دژی ئەوە دەجەنگین”.