به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ره‌تیده‌كاته‌وه سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ توركیا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی فه‌ره‌نسا و هه‌رێم هه‌بێت، به‌دووریشی ده‌زانێت روبه‌ڕوبونه‌وه له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه رووبدات.
سه‌فین دزه‌یی به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له گفتوگۆیه‌كیدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردیی ده‌نگی ئه‌مریكا و له وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی، سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ توركیا كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر پشتگیریی فه‌ره‌نسا له كورد؟ له‌وه‌ڵامدا دزه‌یی رایگه‌یاندووه، هه‌رێمی كوردستان له ناوچه‌یه‌كه، كه راگرتنی هاوسه‌نگی و باڵانسی سیاسی له‌گه‌ڵ دراوسێكان شتێكی پێویسته، بۆیه له‌و باوه‌ڕه‌دا نییه نه فه‌ڕه‌نسا و نه وڵاتێكی دیكه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بكات ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌ك له‌نێوان فه‌ڕه‌نسا و توركیا هه‌بێت، هه‌رێمی كوردستان یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت.
دزه‌یی دوپاتیده‌كاته‌وه، “به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌موو لایه‌ك پاڵپشتی ئه‌وه‌بوون، كه هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و به‌تایبه‌تی دیالۆگێكی جددی له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌بێت، ئه‌وه هه‌ڵوێستی فه‌ڕه‌نسا بووه”.
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه، سه‌فین دزه‌یی وتویه‌تی “هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێم روون و ئاشكرایه به‌رامبه‌ر به په‌كه‌كه، به‌ڵام ئه‌وه مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت ئه‌و گرفته به توندوتیژی یاخود به روبه‌ڕوبونه‌وه چاره‌سه‌ربێت”.
هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری روبه‌ڕوبونه‌وه له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه راشیگه‌یاندووه “حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لایه‌نه سیاسیه‌كان به دیراسه‌یه‌كی ورد بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ن، بێگومان ئێمه لایه‌نگری توندوتیژی و شه‌ڕ و پێكدادان و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی سه‌ربازی نین و له رابردوو ئه‌زموون كراوه، به‌ڵام له هه‌مانكاتیش ناكرێت خاكی هه‌رێمی كوردستان به‌كاربێت له‌لایه‌ن هێزێك دژی دراوسێیه‌ك، نه عورف و نه سیاسه‌ت و نه دیبلۆماسیه‌ت و رێسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ڕێگه نادات، جا به‌رانبه‌ر توركیا بێت یان به‌رانبه‌ر ئێران بێت.”