لەدوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرزترين پلەی گەرما لە ويلايەتی کۆلۆرادۆی ئەمريکا تۆمارکرا، ئەمڕۆ بەشێوەيەکی سەرسوڕهێنەر پلەکانی گەرما بۆ خوار سفر دابەزی و لە زۆربەی ناوچەکان بەفر باری.
بەپێی دەزگاکانی کەشناسی ويلايەتی کۆلۆرادۆ ڕۆژی شەممە پلەی گەرما لە شاری دێنڤەری پايتەختی ئەو ويلايەتە بۆ ٣٨ پلەی سيليزی بەرزبووە و يەکێک بوو لە گەرمترين ڕۆژەکانی هاوين و ڕۆژانی دواتريش پلەکانی گەرما بەشێوەيەکی بەرچاو بەرز بوو، سەرەڕای گەرمای وەرزی هاوين ئاگری دارستانەکانی کاليفۆڕنيا هۆکاری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بوون.
بەڵام لە ماوەی ١٨ کاتژمێراداگۆڕانکارييەکی بەرچاو لە پلەکانی گەرمادا رويدا و لە ٣٥ پلەوە بۆ خوار سفر دابەزی و شەوی ڕابردوو لە زۆربەی ناوچەکانی ويلايەتی کۆلۆرادۆ پێنج بۆ ١٥ سانتيم بەفر باری.
هەرچەندە ئەم گۆڕانکارييە بەرچاوەی پلەکانی گەرما لە ساڵانی پێشوشدا ڕوويداوە، بەڵام لە ١٥٠ ساڵی ڕابردوودا يەکەمجارە بەو ڕێژەيە پلەکانی گەرما گۆڕانی بەسەردابێت، لە ساڵی ١٨٧٢ لە وەرزی زستاندا گۆڕانکاریی کەشوهەوا لە رۆژێکدا ٢٠ پلەی سیلیزی بوو کە لە شاری دێنڤەر تۆمارکرا.