دوای ئەوەی بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە كەمی پەنابەرانی مۆریا لە یۆنان، هەزاران پەنابەر بێ پەناگە ماونەتەوە، لە شارە جیاجیاكانی ئەڵمانیا، خۆپیشاندان ئەنجامدرا و خۆپیشاندەران داوایانكرد ئەو پەنابەرانە ببرێنە ئەڵمانیا نیشتەجێبكرێن.
لەو چوارچێوەیەدا لە شاری بەرلین، لەسەر داوای رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، هەزاران كەس لە ناوەڕاستی شارەكە گردبونەوە و دواتر بەڕێپێوان چونە بەردەم وەزارەتی ناوخۆ.
خۆپیشاندەران چەندین دروشمیان بۆ پشتیوانی پەنابەرەكانی یۆنان بەرزكردبوە و داوایاندەكرد ئەو پەنابەرانە ببرێنە ئەڵمانیا، هەروەها رەخنەیان لە هەڵوێستی وڵاتەكەیان و یەكێتیی ئەوروپا بەرانبەر پرسی پەنابەران گرت.
هەروەها لە شارەكانی هامبۆرگ، هانۆڤەر، كۆلن، فرانكفۆرت، لایپزیگ و میونشن خۆپیشاندانی هاوشێوە ئەنجامدران.
لە لایەكی دیكەوە گێرد مولەر وەزیری هەماهەنگی ئابوری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا ئاشكرایكرد، وڵاتەكەی داوای دوو هەزار پەنابەری لە كەمپی مۆریای یۆنان كردوە.
گێرد مولەر داوای لە وڵاتانی دیكەی یەكێتیی ئەوروپاش كرد دەروازەكانیان بەڕوی پەنابەراندا بكەنەوە تا بتوانن پێكەوە ئەو كێشەیە چارەسەربكەن.
هەروەها ناوبراو رەخنەی لە خەمساردی یەكێتیی ئەوروپا بەرانبەر پرسی پەنابەران گرت و وتی “هیچ ئاماژەیەك لە برۆكسل-ەوە نابینین”.
لە ماوەی دوو رۆژی رابردودا، لە چەند بەشێكی كەمپی پەنابەرانی مۆریا، كە 112 هەزار و 500 پەنابەری لەخۆگرتوە، ئاگركەوتەوە و بوەهۆی ئەوەی هەزاران پەنابەر بێ پەناگە ببن.