
محه‌مه‌د كه‌ریم خه‌فاجى وه‌زیرى بازرگانیى عیراق ده‌ڵێت “ده‌روازه سنورییه‌كان به‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه كۆنترۆڵ ده‌كه‌ین”. جه‌ختیشده‌كاته‌وه په‌ره به كێڵگه‌ی په‌له‌وه‌ر ده‌ده‌ن بۆئه‌وه‌ى به‌شى پێویستیى ناوخۆ گۆشتى مریشك و هێلكه بخه‌نه بازاڕه‌كانه‌وه.
خه‌فاجى له به‌یاننامه‌یه‌كدا جه‌ختیكردوه‌ته‌وه له چه‌ندین میحوه‌ره‌وه كارده‌كه‌ن بۆ رێگه‌گرتن له قاچاخچێتى و كۆنترۆڵكردنى ده‌روازه سنورییه‌كان به‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه.
هه‌روه‌ها باس له‌وه ده‌كات له میحوه‌رێكى دیكه‌وه كارده‌كه‌ن بۆ پشتگیریكردن و لێخۆشبونى گومرگ له هاورده‌كارانی ئالیك و ئه‌و قه‌رزه‌ى له‌سه‌ر كوشتارگه و شوێنى به‌رهه‌مهێنانى جوجه‌ڵه هه‌یه، سه‌ره‌ڕای دواخستنى وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزه‌ى بانكى كشتو‌كاڵى و سندوقى قه‌رز پێیبه‌خشیون و له‌سه‌ریان كه‌ڵه‌كه بوه.
وه‌زیرى بازرگانى داواش ده‌كات، بانكى بازرگانى بخرێته‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كه‌ی، به‌پێویستیشى ده‌زانێت پشتگیرى ئه‌و دۆسیه گرنگه بكرێت، چونكه كه‌رته‌كانى كێڵگه‌ی په‌له‌وه‌ر و پرۆژه كشتوكاڵییه‌كان پشتگیریه‌كى گه‌وره‌یه بۆ بژێوى هاووڵاتیان، هه‌روه‌ها ده‌بنه‌هۆى كۆكردنه‌وه‌ى داهاتێكى گه‌وره بۆ خه‌زێنه‌ى ده‌وڵه‌ت و رێژه‌ى بێكاریش كه‌مده‌كاته‌وه.