وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا دان به كوژرانی سێ سه‌ربازی وڵاته‌كه‌یدا ده‌نێت له باكوری كوردستان، به‌ڵام میدیاكانی سه‌ر به په‌كه‌كه ده‌ڵێن سه‌ربازی زیاتری توركیا كوژراون.
له راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیادا هاتووه، له چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازیدا، كه له سنوری پارێزگای وان له باكوری كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له ناوچه شاخاوییه‌كانی شارۆچكه‌ی شاخ شه‌ڕ له‌نێوان هێزه ئه‌منییه‌كانی توركیا و گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه روویداوه، فه‌رمانده‌یه‌كی جه‌ندرمه و دوو ئه‌ندامی هێزه‌كانی جه‌ندرمه كوژراون و ئه‌فسه‌رێكی دیكه‌ش بریندار بووه.
هه‌ر به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا، له به‌رانبه‌ردا سێ گه‌ریلای په‌كه‌كه له‌و روبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌دا شه‌هید بوون.
ناوه‌ندی راگه‌یاندی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل “هه‌په‌گه”، كه باڵی سه‌ربازیی په‌كه‌كه‌یه تاوه‌كو ئێستا هیچ زانیارییه‌كی له‌باره‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌وه بڵاونه‌كردوه‌ته‌وه، به‌ڵام میدیاكانی نزیك له په‌كه‌كه به پشتبه‌ستن به سه‌رچاوه ناوخۆییه‌كانی وان بڵاویانكردوه‌ته‌وه، ژماره‌یه‌كی زیاتر له سه‌ربازی توركیا له‌و شه‌ڕه‌دا كوژراون