مەلا بەختیار
دەوڵەتمەداری عیراق مستەفا كازمی تەشریفی هێنا بۆ كوردستان. بەرنامەی هاتنەكەی خۆی داینابوو.. جێبەجێش كرا.
گەورە و بچوكی كوردستان، جوانیان پێشوازی لێكرد.. هەم میوانداری كوردەواری و هەم، بەگشتی ئەتەكیاتی سیاسی شیاویان نیشاندا، وێڕای هەندێك كەموكوڕی كە نەدەبوو روبدات.
زەقترین كەموكوڕی.. خودی كازمی كردی.. هەروا، لە دەڤەری سلێمانیش، بەرپرسە حیزبیەكان، كردیان.
كازمی، دەبوایە بەرنامەیەكی گونجاوتری بۆ دیداری حیزبەكان دابنایە، خۆیشی سەری لە بارەگای سەرەكی حیزبەكان دابا. حیزب بە حیزب.. نەك بە هەرەوەز بیان بینێ!
حیزبەكانیش، بەتایبەتی یەكێتی، نەدەبوو دوور لە ئەتەكیەت، بەشێكی بەرچاوی مەكتەبی سیاسی و سەروتر و خوارتریش، ریزیان بۆ دیداری ببەستایە. بەهەر حاڵ، با ئەمیش دەرسێكی ئەتەكیەت بێ!
وەكوتر.. رێسای پێشوازی لە میوانێكی ئاوها، وا دەخوازێ، بەرنامەی میوانەكە رەچاو بكرێ. نەك هەر پارێزگایەك، بەرنامەو داخوازی هەبێ. من، نەم دی و نەم بیست، پارێزگاری هەولێر و دهۆك، داخوازینامەیان پێشكەش بە كازمی كردبێ. بەڵام بیستم، پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، لیستی داخوازیان داوەتە جەنابی میوان!
پێم وایە.. ئەبوایە، لە هەڵەبجە، سكاڵا و داخوازی بەناوی خەڵكەوە درابا بە كازمی، باشتر بوو لەوەی پارێزگار پێشكەشی كردبا. خەڵك، دوور لە ئەتەكیەت و رێسا، بۆی هەیە، سكاڵا و داخوازیان هەبێ.. نەخوازەڵڵا بۆ هەڵەبجەش. هەروەك چۆن، جوتیاران لەرێی فڕۆكەخانە، بۆ پارەی نەدراویان، رێیان لە كاروانی میوان گرت..
ئەویش، رێزی گرتن و گەڕایەوە لایان.
ئەگەر بشمانەوێ ئەنجامی ئەم سەفەرەی كازمی تاوتوێ بكەین، دەڵێین:
ئەو بەڕێزە، بە ئاستەم نەبێ، بەرنامەی سەفەرەكەی نەگۆڕی. لە وەڵامی میدیاكان و لە كۆبونەوەكانیشدا، دوو وەڵامی هەبووە:
یەكەم: لە چوارچێوەی دەستوردا، كێشەكان چارەسەر دەكەن، ئەم قسەیە، لە بەغدادیش دەتوانێ بیكات و لەسەریشی ناكەوێ.
دووەم: داخوازیەكان، هەڵدەسەنگێنین و بۆئەوەی پارێزگای هەڵەبجە پەسەند بكرێ، لیژنە دادەنێین!
لە تەواوی سەفەرەكەیدا.. گفتێكی كۆنكرێتی نەدا. تەنانەت یەك ملیۆن دیناریشی نەدایە بریندارێكی چارەسەرنەكراوی كیمیاوی هەڵەبجەش!!
لەكۆتاییدا.. دەڵێم: بەش بەحاڵی خۆم، لە عیراقدا، جگە لە هاوسەنگی هێز لە نێوان كوردستان و بەغداد، لەم قۆناغەدا باوەڕم بە هیچ گفتوگۆیەك.. یان پەیمانێك، یاخود رێكەوتنی دوو قۆڵی و سێ قۆڵیش تاسەر نییە. رێكەوتنەكان.. تەنانەت بۆ موچەش كاتین.
هەموو بڕیار و رێكەوتنێك، لەگەڵ سەرۆك وەزیران، یان حیزبەكان، یان هەر پۆستێكی باڵای تر.. پەیوەستی دۆخی سیاسییە.
لە عیراقدا.. پرۆسەیەك بەناوی پرۆسەی دیموكراسیەوە نییە. دەستەبەری دەستوریش نییە. ئەوە مادەی (140) و ئەوەش بودجە و ئەمەش هێزی پێشمەرگە.
ـ مادەی 140.. دیزە بەدەرخۆنە كراوە.
ـ بودجە و موچە.. جگە لەوەی لە 5% قرتێنراوە، ئەوەی دەشی دەن.. لە قوڕگی شێر دێتە دەر!
ـ هێزی پێشمەرگەش.. داعش شكێن بوو.. كەچی ئەمریكا مانگانە بڕێ بودجەی دەدانێ، عیراق، پۆستاڵێكی بۆ نە ناردووە..
هەقە.. حكومەتی هەرێم و حیزبەكان.. عیراق وەكو هەیە بناسن! نەك، وەكو ئارەزوویان لێی هەیە..
بەهیواشم.. دوای هەڵبژاردن. كە رێژەی حیزبەكان دادەبەزێ.. هاوكێشەكانی هەرێم و بەغداد.. نەگەڕێنەوە خانەی ناردنی هێزی سەربازی و بەرگری هێزی پێشمەرگە!