عه‌بدولحسێن هنداوى راوێژكارى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق بۆ كاروبارى هه‌ڵبژاردن ده‌ڵێت: سه‌ردانه‌كه‌ى مسته‌فا كازمى بۆ هه‌رێمى كوردستان سه‌ره‌تایه‌كى نوێیه له هاریكارى نێوان به‌غدا و هه‌رێم، به‌تایبه‌تى له بابه‌تى ئاسانكارى بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر یاساى نوێى هه‌ڵبژاردنه‌كان.
له دوو رۆژی كۆتایی هه‌فته‌ی رابردودا، مسته‌فا كازمی سه‌ردانی هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستانی كرد و جگه له دیداره سیاسییه‌كان، گه‌شتی مه‌یدانی بۆ دوو ده‌روازه‌ی سنوریی ئه‌نجامدا، له‌وباره‌یه‌شه‌وه عه‌بدولحسێن هنداوى راوێژكاری له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا ده‌ڵێت “سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران بۆ هه‌رێمى كوردستان كلاسیكی نه‌بو، چونكه قۆناغێكى نوێى له لێكتێگه‌یشتن و هاریكارى له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستور و به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى نیشمانى كرده‌وه”.
باسى له‌وه‌شكرد، له‌سه‌ردانه‌كه‌دا ته‌ركیز خرابوه‌سه‌ر لێكتێگه‌یشتنى نیشتمانى و یه‌كخستنى هه‌ڵوێسته‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه هه‌ڵواسراوه‌كان و هاوئاهه‌نگی ئه‌منى و ئاماده‌كارى بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت.
راوێژكاره‌كه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق پێیوایه، كازمى تێگه‌یشتنى نوێى هه‌یه بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان ناوه‌ند و هه‌رێم، ده‌شڵێت “كوردستان به‌شێكه له گه‌لى عیراق و غه‌م و ئابوریى عیراقییه‌كان له هه‌موو ناوچه‌كاندا هه‌مان شته، هه‌روه‌ها سه‌ردانه‌كه كه‌شێكى سیاسى ئیجابى ره‌خساند بۆ ئاسانكارى له ده‌نگدان له‌سه‌ر یاساى نوێى هه‌ڵبژاردنه‌كان و به‌هێزكردنى تواناى كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان و گێڕانه‌وه‌ى متمانه‌ى هاووڵاتیان به پرۆسه‌ی ده‌نگدان”.