
پاریس سان جێرمان دووه‌م یاری ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی پله یه‌كی فه‌ره‌نسای دۆڕاند و نه‌یمار و دوو یاریزانیشی له به‌رانبه‌ر مارسیلیا به كارتی سور ده‌ركران.
شه‌وی رابردو كلاسیكۆی لیگاوه‌نی فه‌ره‌نسی به بردنه‌وه‌ی مارسیلیا به تاكه گۆڵێك به‌رانبه‌ر پاریس سان جێرمان كۆتایی هات و قسه‌وباسه‌كانی دوای یارییه‌كه‌ش ده‌نگدانه‌وه زۆریان هه‌بو.
له ساته‌كانی كۆتایی یارییه‌كه‌دا و به‌هۆی دروستبونی شه‌ڕه‌وه، جیرۆم بریسار ناوبژیوانی یارییه‌كه به ناچاری كارتی زه‌رد و سوری به‌ڕووی 3 یاریزانی پاریس سان جێرمان و 2 یاریزانی مارسیلیادا به‌رزكرده‌وه، كه یه‌كێك له ده‌ركراوه‌كان نه‌یمار داسیلڤای به‌رازیلی بو، چونكه به بۆكس له پشته‌سه‌ری ئه‌لڤارۆ گۆنزالێس به‌رگریكاری مارسیلیای دا.
له پاش ته‌واوبونی یارییه‌كه‌ش، نه‌یمار بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد، كه به‌رگریكاره‌كه‌ی تیمی ركابه‌ریان ده‌سته‌واژه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستی دژی به‌كارهێناوه.
نه‌یمار له تویته‌ره‌وه نوسیویه‌تی “ته‌نها له یه‌ك شت په‌شیمانم، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه نه‌مكێشا به ده‌موچاوی ئه‌و بێ مێشكه‌دا”.
ئه‌ستێره به‌رازیلییه‌كه تویتێكی دیكه‌ی كردوه و پێیوایه ئاسانه له‌ڕێی ته‌كنه‌لۆژیای ڤاره‌وه هه‌ڵه‌كه‌ی ببینن، به‌ڵام ده‌پرسێت: كوا ئه‌و ته‌كنه‌لۆژیایه‌ی كاتێك روبه‌ڕوی هێرشی ره‌گه‌زپه‌رستی بۆته‌وه؟.