بەپێی راپۆرتێكی میدیایی، یەكێتی خولی تۆپی پێی ئیسپانی ناسراو بە “لالیگا” رێگەنادات یانەی بەرشەلۆنە گرێبەست لەگەڵ یاریزاناندا بكات بۆیە ئەو یاریزانانەی بەتەمایە بیانگوازێتەوە وەك “جۆرجینیۆ فایناڵدۆم” و “ممفیس دیبای” رێگەی پێنادرێت گرێبەستیان لەگەڵدا بكات.
رۆژنامەی “میرۆر”ی بەریتانی لەوبارەیەوە راپۆرتێكی بڵاوكردوەتەوە و ئاماژەی بەوەكردوە، بەرشەلۆنە لەماوەی رابردودا سورە لەسەر ئەنجامدانی چەند گرێبەستێك لەسەر داوای رۆناڵد كۆمانی راهێنەر، لە دیارترینیشیان “جۆرجینیۆ فایناڵدۆم”ی یاریزانی لیڤەرپوڵ و “ممفیس دیبای”یە لە یانەی لیۆنەوە، بەڵام لەئێستادا یەكێتی خولی تۆپی پێی ئیسپانی رێگەنادات یانە ئیسپانیەكە گرێبەست ئەنجامبدات، بۆیە ئەو دوو یاریزانە ناتوانن بچنە كامپ نو.
بەپێی هەمان رۆژنامە، بەهۆی كۆرۆناوە لالیگا رێوشوێنی توندی بەسەر یانەكاندا سەپاندوە و بڕی ئەو پارەیەی دیاریكردوە، كە پێویستە خەرجی بكەن لە كڕینی یاریزاناندا، بۆ ئەوەش پشت بە ئەنجامە داراییەكانی كۆتا 5 ساڵ دەبەستێت.
بەرشەلۆنە ساڵانە 510 ملیۆن پاوەند وەك موچە خەرجدەكات، بۆیە بەپێی رێساكان ناتوانێت یاریزانی تر بگوازێتەوە تا پارەكەی لە فرۆشی یاریزانەكانیدا كۆنەكاتەوە.