شاڵاو جەمال بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی دەڵێت “پێموایە سوتاندنی درەختەكانی سەر رێگای تاسڵوجە لەشاری سلێمانی دەستێكی بەئەنقەست و مەبەستدارە و خەڵكانێك چاوییان لەسەریەتی بۆ پڕۆژە، بەڵام خەیاڵیان خاوە هەرگیز مۆڵەتیان پێنادەین ئەو زەوییانە بكرێنە پڕۆژە، چونكە هەم ویژدان هەم یاسا-ش لە پشت ئێمەیە”.
لەبارەی تۆماركردنی دیمەنی سوتانی دارسنەوبەرەكانی رێگای تاسڵوجە-سلێمانی، ئەو بەڕێوەبەرە بۆ دەنگی ئەمریكا وتویەتی “نازانم كامێرا لەو شوێنانەدا هەیە یا نا، ئەوە كاری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و ئاسایشە، بەڵام ئەگەر نەبێت بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی سوتاندنی ئەو درەختانە جا ئەگەر وابێت مرۆڤ دەتوانێت تاوانی گەورەی كوشتنیش بكات و كەس نەیبینێت”.
دەشڵێت “گەرەنتی نادەم درەخت و سەوزاییەكانی تر لە سلێمانی نەسوتێندرێن، ئەگەر بێتو ئەوانە نەدۆزرێنەوە ئەوا بێگومان سەوزایی تریش هەیە و شوێنی دیكەش هەیە لە مەترسیدان، چونكە هەر لە دوو مانگی پێشودا لە ڕێگەی عەربەت-یش، روبەرێكی گەورە درەخت سوتێنرا، كە ژینگە چاندبونی”.