دانی ئەلڤێس یاریزانی پێشوی یانەی بەرشەلۆنە لەسەر نامەی ماڵئاواییەكەی لیۆنێل میسی بۆ لویس سوارێزی هاوڕێی دەڵێت “ئیدارەی بەرشەلۆنە هیچ شتێك لەبارەی رێزگرتن نازانن”. نیمار داسیلڤا ئەستێرەی پێشوی هەمان یانە و ئێستای یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی-یش دەڵێت “جێی سەرسوڕمانە، چۆن ئەو كارانە دەكەن؟”.
دوای ماڵئاواییكردنی لویز سوارێز و جێهێشتنی یانەی بەرشەلۆنە بەرەو ئەتلەتیكۆ مەدرید، میسی لە نامەی ماڵئاواییدا نوسیبوی “تۆ یەكێكی لە گرنگترین یاریزانەكانی مێژوی یانەكە (سوارێز).. نەدەبوایە بەو شێوەیە دەربكرایتایە، كە كردیان، شایستەی ئەوە نەبویت، بەڵام لەم قۆناغەدا هیچ شتێك توشی سەرسوڕمانم ناكات”.
لای خۆیەوە دانی ئەلڤێس سەبارەت بە نامەكەی میسی نوسیویەتی “بۆ بەدبەختی ئەوە راستییەكە و هەمیشە هەیە لە سەردەمانێكی كۆنەوە و ساڵ بەساڵ تەئكیدكراوەتەوە، بابەتەكە پەیوەندی بە بردنەوە یاخود دۆڕانەوە نییە، بابەتەكە پەیوەندی بە رێزگرتنەوە هەیە و ئەوان هیچ شتێك لەبارەی رێزگرتن نازانن”.
لای خۆیشیەوە نیمار دا سیلڤا نوسیویەتی “جێی سەرسوڕمانە، كە چۆن ئەو كارانە دەكەن؟”، ئەوەش لەلایەن چاودێرانی وەرزشییەوە وا لێكدەدرێتەوە نیمار دەیەوێت ئەوە پیشانبدات خۆی بەرشەلۆنەی جێنەهێشتوە و ئیدارەی یانەكە هۆكار بوە.
هەندێك پێیانوایە نیمار دەیەوێت كارتەكان هەڵگێڕێتەوە بۆئەوەی هاندەرانی بەرشەلۆنە ئەوە لەبیربكەن، كە ئەو لە یانەكە هەڵاتوە و یەكەم بزمار بوە لە تابوتی بەرشەلۆنە درا، هەندێكی تریش پێیانوایە نیمار دەیەوێت ئیدارەی بەرشەلۆنە بڕوخێنێت، چونكە ئەوان هۆكاری ئەوە بون لە یانەكە بڕوات.
هەروەها بۆچونی ئەوەش هەیە، ئەو هێرشانەی میسی بۆ سەر ئیدارەی یانەكە بەتایبەتی بارتۆمیۆی سەرۆكی یانەكە بەهۆی ئەوەوەیە سوارێز هاوڕێی نزیكی میسییە نەك ئەوەی سودی بۆ یانەكە هەبێت، هەروەك هەندێك پێیانوایە میسی تائێستاش بریندارە، بەڵام لە یاریگادا هەوڵی تەواوی خۆی دەخاتەگەڕ.