دوای نزیکەی مانگێک لە راوەستاندنی بەرەوپێشچوونی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا، جارێکی دیکە ئەو وڵاتە دەستی بە جووڵاندنی هێزەکانی کردەوە و لە چوار شوێنی زاخۆ جێگیریکردن. هاوکات دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند ناوچەیەکی سنووری شارۆچکەی کانی ماسێ و شارۆچکەی باتیفای کرد.
سەرچاوەیەکی هەواڵگریی سەربازی لە سنووری زاخۆ رایگەیاند، دوو رۆژە بۆردوومان و تۆپبارانی تورکیا لە سنووری شارۆچکەی دەرکار و باتیفا زیادیانکردووە و لە رێگەی فڕۆکەوە سەرباز و هێزەکانی لە چوار شوێنی نوێ دابەزاندووە و جێگیری کردوون.
ئەو شوێنانەی تورکیا سەربازەکانی لێ جێگیرکردوون، بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە سەربازییە، چەلکێ زێوکێ، سێرکا سپی، رەبیا شەرانش و نزیکی گرێ بیین، “تورکیا لە رێگەی سێ هێلیکۆپتەرەوە هێزەکانی لەو چوار خاڵە دابەزاندووە”.