عەلی کەریمی
‘سەرۆکی حکومەتی داوای رێکخستنی کۆبوونەوە لە پەرلەمان دەکات’، بەڕاستی ئیتر بەسە دەست بادان و گێلاندن و فێڵ لە خۆتان و خەڵک کردن، ئاخر ھەموو لایەک و ھەموو کۆمەڵانی خەڵک ئاگادار و دەزانن ئەوە ماوەیەکە بە ھیمەتی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان ھەول دەدرێت پرساندن و لێکۆڵینەوە لە سەرۆکی حکومەت و جێگر و وەزیری دارایی بکرێ. کارێکی سادە و رۆتینی و زۆر سادەی ھەموو پەرلەمانێکی دونیایە، وایان لێکرد وەک ئەوەی بەردیان بە کابە دادابێ و دونیا و ئاسمانیان ورووژاند، لە بەرتیل و ھەڕەشە و کڕین بگرە کردیان ھەتاکو تێکدانی ھاوپەیمانی لەگەڵ یەکگرتوویی ئیسلامی و دەرکردنیان لە حکومەتی خۆجێیی دھۆک و تەنانەت ھەڕەشە کردن لە دەرکردنیان و زۆر شتی تریش تەنیا بۆ ترساندنیان و کشانەوەی واژۆکانیان.
ئەم ھەموو ھاش و ھووش و ترس و تۆقاندنە بۆ کارێکی وا سانا و قانوونی تەنیا بۆ ئەوە بوو کوڕی جەنابی بارزانی لە شکۆی کەم دەبێتەوە گەر بێت و بە قسەی چەند پەرلەمانتارێک بچێتە بەر دەمیان و تووشی پرسیار و وەڵام بکرێتەوە، ئەوە بۆ قامەت و شکۆی جەنابیان قەباعەتە و شتی وا ناکرێت و نابێت.
سەرنجام پێداگری چەند پەرلەمانتارێک و سوور بوونیان وای لێھات تەنانەت بوو بە ھۆکاری کێشەی ناوخۆی فراکسیۆنەکان و زۆر کەس و دەنگدەر لە فراکسیۆنی ھەڵبژێردراوی خۆشیان عاجز بوون. کار گەیشتە ئەوەی چەند رۆژان تەنیا لەسەر واژۆیەک کاری ئەوانەی دەیانویست پرساندن بکەن پەکی کەوتبوو. شەوی رابردوو بە ھیمەتی پەرلەمانتارێکی گۆڕان لە ئاخردا رێژەی واژۆکان تەواو کرا و ئیتر ھیچ بیانوو نەما بۆ بانگ کردنی سەرۆکی حکومەت و ئیدارەکەی نا بەڵکو باشترە بڵێم “جەنابی کوڕی بارزانی.”
ئەمڕۆ، سەیری ئەم زیرەکی منداڵانەیە بکەن چی روویدا، کە زانیان تازە فایدەی نییە و دەبێ بچێت بۆ پرساندن، فێڵێکی زۆر کەشفیان لە خۆیان و پەرلەمان و خەڵک کرد و شتەکەیان کردە پێشدەستی خۆیان و رەوت و مانای داواکارییەکانی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆنیان وا لێکرد کە جەنابیان خۆی دەچێ بۆ پەرلەمان و بۆ روونکردەوە و شەرحی رەوتی چاکسازی و پێشکەشکردنی وتارێک بۆ پەرلەمانتاران، کردیان بە منەت و پێشدەستی خۆیان و رێگای ئەوەش دەبەستن کە خوای نەخواستە کەس جورئەتی پرساندن و لێکۆڵینەوە نەکات!
سەیری ئەم کۆمیدیایە بکەن و بزانن کێن ئەوانەی چارەنووسی ئەم میللەتە مەزلووم و بێچارەیان بە دەستە و چۆن یاری بە ھەموو شعور و کەرامەتی خەڵک و نوخبە و ھەموو دام و دەزگا و حزبەکان دەکەن!؟
دەسەڵاتیک کە تەنانەت بۆ پرسێکی وا سادە و قانوونیش لەگەڵ خەڵک شەفاف و سادق نەبێت دەبێ چاوەڕوانی چی لێبکرێت؟!