حسێن شه‌ریعه‌تمه‌دارى سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ى “كه‌یهان”ى فه‌رمیى ئێران و نوێنه‌رى عه‌لى خامنه‌یى رێبه‌رى باڵاى شۆڕشى ئێران به‌هۆى هێرشكردنه‌سه‌ر عه‌لى سیستانى رێبه‌رى باڵاى ئایینى شیعه له عیراق، داواى لێبوردنى كرد.
ئاژانسى “میهر” بڵاویكردوه‌ته‌وه، شه‌ریعه‌تمه‌دارى وتویه‌تى ئه‌و وتاره‌ى بڵاویكردوه‌ته‌وه به‌هۆى نیگه‌رانییه‌وه بوه له به‌یاننامه‌كه‌ى نوسینگه‌ى سیستانى ده‌رباره‌ى سه‌رپه‌رشتیكردنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى عیراق له‌لایه‌ن رێكخراوى نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانه‌وه.
ده‌شڵێت “وتاره‌كه له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌قى فارسى به‌یاننامه‌كه‌ى سیستانى بوه ده‌رباره‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ جنین پلاسخارت نێرده‌ى تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان له عیراق، به‌ڵام دواتر نوسینگه‌ى سیستانى له‌وباره‌یه‌وه رونكردنه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه و ده‌ركه‌وتوه شیكردنه‌وه‌كه‌ى من دوره له واقیعه‌وه”.
شه‌ریعه‌تمه‌دارى ته‌ئكیدیكردوه‌ته‌وه، به‌یاننامه‌كه‌ى نوسینگه‌ى سیستانى باس له سه‌رپه‌رشتى هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانه‌وه نه‌كردوه، به‌ڵكو باس له هاوئاهه‌نگی چاودێرى به‌پێى رێوشوێنه‌كانى نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان كراوه، ئه‌وه‌ش واتاى ئه‌وه‌یه سه‌رپه‌رشتى ته‌نها له‌لایه‌ن عیراقییه‌كانه‌وه ده‌بێت، بۆیه داواى لێبوردن ده‌كات و هیواداره لێبوردنه‌كه‌ی قبوڵ بكه‌ن.