رۆناڵد كومان راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا پێش یارییه‌كه‌ی سبه‌یان له لالیگا ستایشی لێدوانه‌كانی مێسی كرد و گوتی: مێسی ته‌نانه‌ت له كاتی مه‌شقه‌كانیش هه‌وڵ بۆ بردنه‌وه ده‌دات.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، 30 ئه‌یلوولی 2020، له پرێس كۆنفرانسێكدا له باره‌ی یارییه‌كه‌ی سێلتا ڤیگۆ و بارسێلۆنا، رۆناڵد كومان وه‌ڵامی رۆژنامه‌نووسه‌كانی دایه‌وه و گوتی: هێرشبه‌رێكی ژماره 9ـم ده‌وێت، چه‌ندان بژارده‌مان هه‌یه و له داهاتوودا یه‌كێكیان هه‌ڵده‌بژێرن.
كومان ده‌شڵێت: راسته دۆخی دارایی تیپه‌كه‌مان باش نییه، به‌ڵام پێویسته به‌رپرسانی بارسێلۆنا ئه‌و یاریزانانه بفرۆشن كه له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی یاریكردنی بارسێلۆنا ناگونجێن، باشتروایه به یه‌كجاری ده‌ستبه‌رداریان بن نه‌ك به‌شێوه‌ی خواستن به‌ڕێیان بكه‌ن.
كومان گوتیشی: لێدوانه‌كانی مێسی دڵخۆشی كردم، چونكه قسه‌كانی له ڕووی ده‌روونییه‌وه به‌سوود بۆ یاریزانه‌كان ده‌شكێته‌وه، مێسی ئه‌ستێره‌یه‌كی مه‌زنه بۆ تۆپی پێ له دایكبووه، ته‌نانه‌ت له كاتی مه‌شقه‌كانیش هه‌وڵی بردنه‌وه ده‌دات.
له باره‌ی رۆیشتنی دێمبلی له بارسێلۆنا، رۆناڵد كومان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه رۆیشتنمی دێمبلی له‌ده‌ستی به‌رپرسانی بارسێلۆنا دایه، به‌ڵام ئه‌و یاریزانه لای من گرینگه.
كومان گوتیشی: پێویسته گۆڕانكاری له دڵی به‌رگری دا بكه‌ین، هه‌روه‌ها ده‌بێت سێرجینیۆ دێست یاریزانی نوێی یانه‌كه به‌خێرایی خۆی له‌گه‌ڵ به‌رگریكارانی یانه‌كه بگونجێنێت.
راهێنه‌ره هۆڵه‌نداییه‌كه‌ی بارسێلۆنا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه ئه‌و به‌و شێوازه له‌گه‌ڵ به‌كاری هێنانی ڤار دا نییه، له‌مباره‌یه‌وه گوتی: ناكرێت ڤار هه‌موو خوله‌كێك یارییه‌كه بوه‌ستێنێت، زۆرجار بینیومه بۆ به‌ریه‌ككه‌وتنێكی زۆر ئاساییه ڤار به‌كارهاتووه، به بڕوای من ئه‌وه هه‌ڵه‌یه.
له گه‌ڕی چواره‌می لالیگا، یانه‌ی بارسێلۆنا له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی ده‌بێته میوانی یانه‌ی سێلتا ڤیگۆ، یارییه‌كه له كاتژمێر 10:30ـی سبه‌ی شه‌و ده‌كرێت.