یانەی ئێڤێرتۆن بەسەرکردایەتی خامێس رۆدریگێز بردنەوەی بەسەر یانەی برایتۆن تۆمارکرد و هاتە پێشەنگی پرێمەرلیگ.
لە گۆدیسۆن پارک، ئێڤێرتۆن پێشوازی لە برایتۆن کرد و یارییەکەشی بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لێبردەوە.
لە گێمی یەکەمدا و لە خولەکی 16دا کالڤێرت لیوین گۆڵی یەکەمی ئێڤێرتۆنی تۆمارکرد، دواتر لە خولەکی 41دا نیال موپای ئەنجامەکەی بۆ برایتۆن راستکردەوە، پێشکۆتاییهاتنی ئەم گێمەش یێری مینا جارێکی دیکە ئێڤێرتۆنی پێشخست.
لە گێمی دووەمیشدا و لە خولەکی 52 خامێس رۆدریگێز گۆڵی سێیەمیشی بۆ ئێڤێرتۆن تۆمارکرد، هەمان یاریزان لە خولەکی 70دا گۆڵی چوارەمی بۆ یانەی خاوەن یاریگا تۆمارکرد، لە دوایین خولەکی یارییەکەشدا یەڤیس بیسۆما گۆڵی دووەمی برایتۆنی تۆمارکرد.
دوای چوار یاری ئێڤێرتۆن بە 12 خاڵ لە پێشەنگی پرێمەرلیگە، برایتۆنیش لە چوار یاریدا تەنیا بردنەوەیەک و سێ دۆڕانی هەیە.