یانەی ریال مەدرید، کە لەم مێرکاتۆیەدا هیچ گرێبەستێکی نەکرد و کۆمەڵێک لە یاریزانەکانی فرۆشت، لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە گەورەکەی بووە لە وەرزی داهاتوودا.
یانەی شاهانە رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە، بەهۆی ئەوەی دوای 40 ساڵ بۆ یەکەمجارە لە مێرکاتۆی هاوینەدا هیچ گرێبەستێک نەکات، لە کاتێکدا بای نزیکەی 100 ملیۆن یۆرۆ یاریزانیشی فرۆشت، بەڵام ئەگەر هۆکارەکە بزانرێت رەخنەکە هیچ بەهایەکی نامێنێت
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیاوە، دەڵێن “هەموو ئەوەی ریال مەدرید لەم هاوینەدا کردوویەتی لەپێناو خەونە گەورەکەیە، کە ویستیوویەتی پارەیەکی زۆر کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی یانەی پاریس سانجێرمان بکات، کە خەونی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید و زینەدین زیدانی راهێنەریەتی”.
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، هەر لەو کاتەوەی ئێمباپێ لە مۆناکۆوە پەیوەندی بە ریزەکانی پاریس سانجێرمانەوە کردووە، بووەتە ئامانجی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید، کە زۆر سەرسامە بەو یاریزانە فەرەنسییە و بڕیاریداوە هەموو شتێک بکات لەپێناو هێنانی بۆ ریزەکانی لۆس بلانکۆس.
ریال مەدرید لەم هاوینەدا سێ یاریزانی لە خواستن گەڕاندەوە ریزەکانی، کە بریتین لە هەریەک لە ئاندرێ لۆنینی گۆڵپارێز، ئەلڤارۆ ئۆدریازۆلا و مارتن ئۆدیگارد، هەروەها بای 100 ملیۆن یۆرۆش یاریزانی فرۆشت، کە تەنیا بە فرۆشتنی ئەشرەف حەکیمی بە ئینتەرمیلان 40 ملیۆن یۆرۆی دەستکەوت، هەروەها سێرخیۆ ریگیلۆنیشی بە 30 ملیۆن یۆرۆ بە سێڤییا فرۆشت.