ئیمانوێل شارپێنتیر لە فەرەنسا و جێنیفەر دۆدنا لە ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە خەڵاتی نۆبلی کیمیایان بردەوە بۆ تەکنیکی دەستکاریکردنی جینەکان کە بە “مەقەستەکانی جێنێتیک( CRISPR – Cas9 DNA )ناسراوە.
یەکەم جارە خەڵاتی زانستی نۆبڵ دەدڕێتە گڕووپێک کە تەنیا ئافرەتن و پیاویان تێدا نییە.
کۆمیتەی دادوەرانی نۆبل گوتیان کە ئەم شێوازە شوڕشێکە لە زانستدا وهەروەها لە چارەسەری شێرپەنجەدا کاریگەریی زۆری دەبێت و لەوانەیە وا بکات خەونی چارەسەری نەخۆشییە بۆماوەکان بهێنێتە دی.
شارپێنتیر و دۆدنا شەشەمین و حەوتەمین ژنن لە مێژوودا کە خەڵاتی نۆبل وەردەگرن.
مقەستی جێنێتیک ( CRISPR – Cas9 DNA ) شێوازێکە کە بۆ بڕین و جیاکردنەوەی جینێکی کێشەدار بەکار دێت . ئەم تەکنەلۆجیایە یارمەتی دەستکاری کردن و ڕاستکردنەوەی جێنەکان دەدات بە لابردن و زیادکردن یان جێگرتنەوەی بەشێک لە جینۆم.
ئیمانوێل شارپێنتیر لە فەڕەنسا لەدایکبووە و لە ئێستادا بەڕێوەبەری دامەزراوەی تایبەت بە نەخۆشییە درمییەکانی “مکس پلانک”ی ئەڵمانیایە.
دۆدنا لە ئەمەریکا لەدایکبووە و پرۆفیسۆری بواری بایۆکیمیایە لە زانکۆی کالیفۆرنیا.
یەکەم جار کە ژنێک خەڵاتی کیمیای پێبەخشرا لە ساڵی 1911 دا بوو. دواتریش ماری کوری کە لە ساڵی 1903 خەڵاتی فیزیای وەرگرت بە بۆنەی دۆزینەوەی توخمەکانی ڕادیۆم و پۆلینیۆمەوە.
بڕی خەڵاتەکە لە کیمیادا، 10 ملیۆن کرۆنی سویدییە،واتە یەک ملیۆن و سەد هەزار دولار کە دابەش دەکرێت لە نێوان هەردوو زانادا .
براوەکانی خەڵاتی نۆبل بە گشتی لە ڕێوڕەسمێکی ساڵانەدا لە 10 مانگی 12 دا، واتە لە ساڵیادی مردنی دامەزرێنەری خەڵاتی نۆبل، ئاڵفرێد نۆبلی زانا کە لە ساڵی 1896 دا کۆچی دوایی کرد، خەڵاتەکەیان لە لایەن شا کارل گوستاف شانزدەهەم، لە ئاهەنگێکی فەرمیدا پێشکەش دەکڕیت. بەڵام ئەمسال بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە مەراسیمەکە هەڵوەشێنرایەوە و لە ڕێگای ئاهەنگێکەوە کە لە تەلەفیزیۆنەوە بەڕێوە دەچێت، خەڵاتەکە پێشکەشی ئەم دو ژنە زانایە دەکرێت لە وڵاتەکەی خۆیانەوە.