کۆشکی سپی راگەیێندراوێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، “بارودۆخی سووریا و پەیوەندیدار بە سووریا، بەتایبەتی کارەکانی حکومەتی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەبێتەهۆی لاوازبوونی هەڵمەتی تایبەت بە تێکشکاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا”.
راگەیێندراوەکە پەیوەندیی بە بڕیاری 13894ـی سەرۆکی ئەمریکاوە هەیە کە لە 14ـی تشرینی یەکەمی 2019 و دوای هێرشی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەریکرد. تێیدا سزای بەسەر چەند بەرپرسێکی تورکیا سەپاند بەهۆی ئەوەی “دەستیان هەبووە لە ئازاردانی کەسانی سڤیل، کاریگەری دروستکردن لەسەر شەڕی داعش و هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا”.
هەر لەو راگەیێندراوەدا، ترەمپ زیاتر لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا قسە دەکات و دەڵێت “ژیانی هاووڵاتیانی سڤیل دەخاتە مەترسیەوە، هەڕەشەی سەر ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە زیاتر دەکات و بەردەوامیشە لەوەی هەڕەشەیەکی نائاسایی بێت لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان”.