كاریگەرییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر جەستەی مرۆڤ رۆژ بە رۆژ زیاتر دەردەكەون و لە تازەترین كاریگەریشدا ئەگەری هەیە ببێتە لەدەستدانی هەستی بیستن بۆ هەمیشە.
بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی زانایانی بەریتانی كە رۆژنامەی “گاردیان” بڵاویكردوەتەوە، ئاشكرایانكردوە، بەڵگەی نوێیان دەستكەوتوە لەوانەیە ڤایرۆسی كۆرۆنا ببێتەهۆی لەدەستدانی هەستی بیستن بەشێوەیەكی هەمیشەیی.
رونیشكراوەتەوە، پیاوێكی تەمەن 45 ساڵە، كە “رەبۆ”ی هەبوە و دوای ئەوەی توشی كۆرۆنا بوە براوەتە نەخۆشخانە، دوای وەرگرتنی چارەسەر و دەرچونی لە نەخۆشخانە كێشەی لە گوێیدا بۆ دروستبوە و گوێی راستی هەستی بیستنی لەدەستداوە.
تیمی پزیشكی پێیان وانییە هیچ یەكێك لە چارەسەرەكان هۆكاری لەدەستدانی بیستن بێت، هەروەها نەخۆشەكەش هیچ كێشەیەكی لە بیستندا نەبوە پێش توشبونی بە كۆرۆنا، هیچ نەخۆشییەكی دیكەیشی نەبوە، كە مەترسی لەدەستدانی بیستنی هەبێت، ئەوەش یەكەم حاڵەتی لەو شێوەیەیە لە بەریتانیا و لە چەند وڵاتێكی دیكەش راپۆرتی هاوشێوە هەیە.
لای خۆیەوە ستیڤانیا كۆمبا زانای بەشدار لە لێكۆڵینەوەكە رونیكردوەتەوە، تائێستا نازانرێت ڤایرۆسەكە چۆن دەبێتەهۆی لەدەستدانی هەستی بیستن، بەڵام چەند بەرچاورونیەك هەیە، لەوانەیە ڤایرۆسەكە بچێتە خانەكانی گوێی ناوەوە و ببێتەهۆی مردنی ئەو خانانە، یاخود بەهۆی ڤایرۆسەكەوە جەستە مادەی “سیتۆكینات” دەربدات، كە مادەیەكی ژەهراوییە بۆ گوێی ناوەوە.
تەئكیدیشیكردوەتەوە، لەدەستدانی هەستی بیستنی یەك گوێ، كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ژیانی مرۆڤ ئەگەر زوو چارەسەرنەكرێت.