ئەمریکا بەنیازە بەمەرجی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و قەرەبووکردنەوەی خێزانی قوربانیەکانی کردەوە توندڕەوییەکان، سودان لە لیستی وڵاتانی تیرۆر دەربکات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەتویتێکدا رایگەیاند، “حکومەتی نوێی سودان چەند هەنگاوێکی گەورەی ناوە، رازی بووە ٣٣٥ ملیۆن دۆلار وەک قەرەبووی کردەوە توندڕەوەکان بداتە خێزانی قوربانییەکان”.
دەشڵێت، “لەگەڵ پێدانی قەرەبووەکان، دەست بەجێ سودان لە لیستی وڵاتانی پشتیوانانی تیرۆر دەردەکەین.”
هاوکات، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە دوو سەرچاوەی ئەمریکیەوە رایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و حکومەتی سودان نزیک بوونەتەوە لە گەیشتن بە رێکەوتنێک لەبارەی سڕینەوەی سودان لە لیستی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆر.
بەگوێرەی رۆیتەرز، یەکێک لە بەرپرسە ئەمریکیەکان رایگەیاندووە، “رێکەوتنی دەرهێنانی ناوی سودان لە لیستی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆر پێویستی بە چەندین هەنگاو هەیە، یەکێک لەوانە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ ئیسرائیل”.
دەشڵێت، “تا ئێستا وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە کاری لەسەر دەکرێت و رەنگە لەچەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنەکە رابگەیەندرێت”.
پێشتر دەستەی دەستپێشخەری سودان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل رایگەیاند، لە بنەڕەتدا پەیوەندییەکان لەگەڵ گەلانی تر لەسەر بنەمای پێکەوە ژیان و هاریکاریکردنە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرگیز وابەستەی رابوردوو و ئایدۆلۆژیای دابڕان نابن، هیچ رێگرییەک نییە لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل.
ئەمە لەکاتێکدایە بەهۆی جێگیرکردنی ناوی سودان لە لیستی وڵاتانی پشتیوانانی تیرۆر لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ئێران و کۆریای باکور، چەندین سزای ئابوری نێودەوڵەتی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێندرا و تائێستاش بە دۆخێکی سەختی ئابوریدا تێدەپەڕێت.