سێرهی رێبرۆڤ، راهێنەری یانەی فێرێسڤارۆشی هەنگاری دەڵێت، یاریزانەکانی بە ورەیەکی بەرزەوە بۆ یارییکردن بەرامبەر بارسێلۆنا، لە چامپیۆنزلیگدا ئامادەن.
دوای 25 ساڵ بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بەشداری لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەکات و لە یەکەم یاریی کۆمەڵەی حەوتەمدا، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی بارسێلۆنا یاریی دەکات.
رێبرۆڤ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی، ئێمە ناچارین کە خۆمان لەگەڵ شێوازی یارییکردنی بارسێلۆنا بگونجێنین، یارییەکی زۆر جیاواز دەبێت لەو یارییانەی کە لە خولی هەنگاریادا ئەنجامیاندەدەین.
راهێنەرە 46 ساڵەکە زیاتر گوتی، کەس پێشبینی سەرکەوتنی فێرێنسڤارۆشی نەکردبوو بۆ قۆناخی کۆمەڵەکان، ئێستاش هەندێک کەس هەن متمانەیان بەوە نییە کە ئێمە لێرەین.
راهێنەرە ئۆکراینییەکە دەڵێت، ئامانجیان ئەوەیە بە ئازادی یاریی بکەن، لەپێناو ئەوەی بتوانن بەشێوەی کۆمەڵ ئاستێکی باش پێشانبدەن و بەباشترین شێوە نوێنەرایەتی خولی هەنگاریا بکەن.
سێرهی گوتی، تۆکماک نگوین و یاریزانەکانی دیکەی یانەکەی زۆرباشن و دەتوانن شتی چاوەڕاننەکراو بەرامبەر یانە گەورەکان ئەنجامبدەن.
لەبارەی لیۆنێل مێسییەوە، ئەو راهێنەرە دەڵێت، مێسی باشترین یاریزانە، بەڵام تەنیا لە هێرشبەریدا، هەمووان لە توانای بارسێلۆنا تێدەگەن، دەزانن بەرگریکارەکانیان چەند خێران، بەڵام لەرووی هێرشبەرییە ئامادەکارییمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پیکێ کردووە.