سیروان محەمەد سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان دەڵێت “دوو تیمی هونەری لە بەغداوە دێنە هەرێم و گفتوگۆ لەسەر ئامادەكارییەكان بۆ سەرژمێری گشتی دەكرێت”.
سیروان محەمەد لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردوەتەوە، دەستەكەیان پێشنیارێكی پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران كردوە بۆئەوەی سەرژمێری بۆ ساڵێكی دیكە دوابخرێت و بكەوێتە كۆتایی ساڵی 2021، چونكە بارودۆخی ئابوریی وڵات بە قۆناغێكی سەختدا تێپەڕدەبێت، سەرەڕای بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا.
هێمای بۆ ئەوەشكردوە، ئەم هەفتەیە دوو تیمی هونەریی سەردانی هەولێر دەكەن و باس لە چۆنێتی ئامادەكاری بۆ پلانی تایبەت بە سەرژمێری گشتی و بەردەوامبونی رەوڕەوەی سەرژمێری لە قۆناغی داهاتو لە عیراق و هەرێمی كوردستان دەكەن.
سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێم رونیشیكردوەتەوە، خشتەیەكی ورد هەیە، كە بۆ ماوەی ساڵێكی تەواو دادەنرێت و كاری پێدەكرێت بۆ گەیشتن بە باشترین ئاست، ئەگەر نەتوانرا بگەنە قۆناغی ئامادەكاری تەواو بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری، ئەوكات بڕیارێكی دیكە دەدەن.