ئەنتۆنیۆ فاوچی گەورە پسپۆڕی نەخۆشییە گواستراوەكان لە ئەمریكا دەڵێت “ژیان تا پێش ساڵی 2022 ناگەڕێتەوە باری ئاسایی و پێشبینی ئەوەش ناكرێت پێش 2021 ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بەردەست بێت”.
فاوچی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ گۆڤاری كۆمەڵەی پزیشكی ئەمریكی باسی لەوەكردوە، پێش ساڵی 2021 ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەست نابێت، لەكاتێكدا وڵاتەكەی لە بارودۆخێكی خراپدایە بەهۆی كۆنترۆڵ نەكردنی پەتاكە و دەبوایە پێش هاتنی وەرزی زستان، ژمارەی توشبوان كەمبكرانایەتەوە.
هەمان پسپۆڕی ئەمریكی بە گۆڤاری “ملبۆرن”ی ئوسترالی-شی وتوە “ئەگەر ڤاكسینمان دەستكەوت و لە چارەكی دووەمی ساڵی 2021دا بە رێژەیەكی زۆر دابەشمان كرد، ئەوا پێموایە لە كۆتایی هەمان ساڵ یاخود سەرەتای ساڵی 2022دا ژیان بەرەو ئاساییبونەوە دەچێت”.
لەلایەكی دیكەوە رۆبەرت ریدفیڵد بەڕێوەبەری ناوەندی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكان و خۆپاراستن لە ئەمریكا لەبەردەم كۆنگرێسی وڵاتەكەیدا وتویەتی “پێناچێت تا چارەكی دووەم یاخود سێیەمی ساڵی داهاتوو ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بەردەستبێت”.