بەرپرسانی پارتی کۆماریی ئەمریکا ئاشکرایان کرد، چەند هاککەرێک دوو ملیۆن و 300 هەزار دۆلاریان لە ئەژمارێکی بانکیی کۆمارییەکان دزیوە کە تایبەت کرابوو بە هاوکاریکردنی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
ئەندرو هیت، بەرپرسی کۆمارییەکان لە ویلایەتی ویسکۆنسن رایگەیاندووە، ئەژمارێکی بانکیی کۆمارییەکان تایبەت بە بانگەشەکان لە ویلایەتەکە بۆ هاوکاریکردنی کامپەینەکانی دۆناڵد ترەمپ، لەلایەن چەند کەسێکەوە هاککراوە و ئەو بڕە پارەیەش نێردراوە بۆ ئەژمارێکی نادیار.
هیت ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو رووداوە لە 22ی ئەم مانگە روویداوە و ئەمڕۆ هەینی هەواڵ بە FBI دراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و ئاشکراکردنی هاککەرەکان. گوتەبێژی FBI دەڵێت، بەپێی سیاسەتی نووسینگە فیدراڵییەکە، ناتوانن ئەو هەواڵە نە پشتڕاست بکەنەوە و نە رەتیشیبکەنەوە.