
عەبدوڵای مەلا نوری
دوای ئەوەی شتێکی کورتم لە سەر ئەوە نوسی، کە پرۆسەی نەوت هیچ خزمەتێکی بە هاوڵاتیانی کوردستان نەکردوە، بەڵکو خزمەتی بە دەستبەژێری دەسەڵاتی هەرێم و تورکیای داگیرکەر کردوە.
لە بەرامبەر ئەم قسانەمدا وەک ئەوەی بە فەرمانی رەسمی بۆیان رۆشتبێت، برایانی پارتی لە سەرەوە تا خوارەوە دەستیان کردوە بە جوێندان و هەڵبەستنی قسەی ناشرین بۆ من!
لەم سۆنگەیەوە بە دەرفەتم زانی بڵێم:
برایانی پارتی من ئێوە بە دوژمن نازانم، دڵنیاشبن خواش دەزانێ ئەگەر لە رابردودا بەرپرسانی ئێوە بە قسەی ئێمەمانیان بکردایە، ئێستا هەم میللەت لە خۆشگوزەرانیدا دەبو، هەم بەرپرسانی ئێوە لە بەردەم خواو خەڵکدا رو سور دەبون.
بەڵام برایانی ئازیزم؛ خۆ من شتێکی ناڕاستم نەوتوە؛ ئەوە مەسرور بارزانیە دەڵێت ٢٨ ملیار دۆلار قەرزارین.
ئەوە ئاشتی هەورامیەکەی خۆتان بو وتی: بەرمیلێک نەوت بە سەد دۆلاریش بفرۆشین دۆخی دارایی هەر خراپ دەبێ.
حکومەتەکەی خۆتانە دەڵێ: نەوتی هەرێم بە نرخێک دەفرۆشرێ تەنانەت داهاتەکەی بەشی کرێ و قازانجی کۆمپانیاکان ناکات.
نێچیرڤانەکەی خۆتان بو، بە بێ ئاگاداری پەرلەمان و خەڵکی کوردستان رۆشتە ئەنقەرەو لە گەڵ ئەردۆگان رێکەوتنی نەوتی ٥٠ ساڵەی لە نێوان هەردو خێزانی ئەردۆگان و بارزانیدا کردو شادەماری هەرێمی کوردستانی خستە ژێر تەوری بیری ئەردۆگانیزم!
هاونیشتیمانیە بەڕێزەکانم، کوا من شتێکی ناڕاستم وتوە، مەگەر ئەوە نیە حکومەتەکەی مەسرور موچەی پێ نادرێ؟!
مەگەر ئەوە نیە هەرچی سازشی نا سیاسی هەیە بۆ بەغدای دەکەن بۆ ئەوەی مانگانە شتێک پارە بۆ موچەخۆران بنێرێ؟!
بریانی شیرینەکانم، خۆزگە خۆتان لە رق و کینە رزگار دەکرد، خۆزگە بە خاتری کەرامەتی میللەت و خۆتان و منداڵەکانتان تۆزێک بە عەقڵەوە بیرتان دەکردەوە، لە خۆتان دەپرسی ئایا عەبدوڵای مەلا نوری دژی بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە یان ئەوانەی دەستی لەشکری تورکیاو ئێران دەگرن و دەیانهێننە سەر خاکی کوردستان؟
یان ئەوانەی ٣١ ئاب و ١٦ ئۆکتۆبەرو جینۆساینی شەنگالیان خولقاند؟
خۆزگە لە خۆتان دەپرسی ئایا عەبدوڵای مەلا نوری تاوانبارە یان ئەوانەی لە شەڕی ناوخۆدا دەیان هەزار گەنجیان بە کوشتدا، یان ئەوانەی هەزاران گەنجیان رەوانەی خەنکان و تیاچون کرد، لە رێگەی هەندەران؟
براینە، نازانم چەند تاوانی تیرۆرو بێ ناموسی و خیانەتتان بیر بخەمەوە؟!
ئاخر ئێوە باسی موچەکەی من دەکەن، باسی ئەوە ناکەم کە موچەکەم زۆر زۆر لەوە کەمترە، کە ئێوە باسی دەکەن و وەک خەڵکیش ٦٠تا ٧٠ رۆژ جارێک وەری دەگرم، وەک مرۆڤێک مافم هەیە بە کەرامەتەوە بژیم و ئحتیاجی خەڵکانی نامەردی وەک بەرپرسەکانی ئێوە نەبم، لە پاڵیشیدا چیم پێ کرابێ و بکرێ خودا دەزانێ بۆ خەڵکم کردوەو دەیکەم.
ئاخر برا نازدارەکانم؛ لە قسەکانی ئێوەدا دیارە بە لاتانەوە ئاساییە من مانگانە دەیان ملیۆن دۆلاریش بدزم، بە مەرجێک قسە لە سەر سەرە دزو خائینەکانی لای ئێوە نەکەم؟!
ئای چەند شەرمە کە پەرلەمانتارەکانتان بە دەنگی خۆیان بڕیاریان داوە خانەشینی موچەی پەرلەمانتار نەبڕن، کەچی هەر خۆیان ئەمە وەک تانە دەدەنەوە بە ناوچاوی خەڵکانی تردا! بە راستی ئەمە روقایمیە، بەراستی مەگەر هەر کادری حیزبی نا وشیار بەم دوعایەی ئێوە بڵێت ئامین.
جا برا ئازیزەکانم؛ توخوا بۆ بیرێک لەوە ناکەنەوە بە خاتری قەسرەکەی کاک مەسعود لە سەری رەش هەزاران خێزانی رەسەنی سەری رەش و گوندەکانی دەوروبەریتان تەرحیل و دەربەدەر کرد!
بۆ بیرێک لەوە ناکەنەوە جەنابی نێچیرڤان بارزانی لە ناو جەرگەی هەولێردا سەدان دۆنم زەوی داگیرکردووەو هەزاران خێزانی رەسەنی شارەکە سەد مەتر شوێنی نیشتەجێبونیان نیە!
بۆ بیرێک لە جەنابی مەسرور بارزانی ناکەنەوە سەدان دۆنم زەوی داگیر کردووە!
سەرجەم بە سەریەکەوە، خۆیان و کوڕو ئامۆزاو زاواو…هتد، دەیان ملیار دۆلاری داهاتی ئەم وڵاتەیان بە کاش دزیوە؟!
ئاخر برایانی ئازیزم، بە خوا پێمخۆشبو کاک مەسعود بۆ یەکخستنی میللەتەکەمان وەک بسمارکی رابەری ئەڵمانەکان بوایە، بۆ یەکخستنی گەلانی جیاوازی ناوچەکەش وەک محمەد مەهاتیر بوایە، کە توانی گەلانی مالی و هندی و سینی لە وڵاتی مالیزیادا یەک بخات و کەرامەت و ئازادی ئاوەدانیان بۆ دەستەبەر بکات!
ئاخر گوناهی من چییە سەرۆکە بەڕێزەکەی ئێوە وەک سەرۆکی خێڵێک هەڵسوکەوت دەکات؟!
ئاخر گوناهی خەڵکی کوردستان چیە سەرۆکەکەتان هەر دەیەوێ سەرۆکی بنەماڵەیەک بێت و خێروبێری ئەم وڵاتەش هەر بۆ بنەماڵەکەی و دارو دەسەکەی بێت؟!
برا شیرینەکانم، دڵنیابن من دژی توندوتیژیم، تەنانەت بە قرتاندنی لقی درختێکیش خەفەت دەخۆم، خەمی من ئەوەیە سەرانی ئێوە جارێکی تر ئەم وڵاتە روبەروی جەنگ بکەنەوەو هەزاران گەنجی تر بکەنە قوربانی حەزە کەسیەکانی خۆیان و دەیان ساڵی تر تۆویی رق و دوژمنایەتی لە وڵاتدا بچێنن!
قسە زۆر بیکەم، هەر ئەوەندە دەڵێم: من بە کرێگیراو نیم، مرۆڤێکی ئازادی کوردم، خۆشەویستی وڵات و ئێوەشم لە دڵدایە، بەڵام حەیف، کە ئێوە ئاگاتان لە خۆتان نیە، بە زمان و جەستە خراونەتە خزمەت شەڕو داگیرکەران.
خودا خۆشەویستی و ئاشتی و ئاوەدانی لە وڵاتماندا بەرقەرار بکات