
وەزیری حكومەتی ئیسرائیل بۆ كاروباری شارۆچكە جولەكەنشینەكان رایگەیاند، لەئەگەری سەركەوتنی جۆ بایدن و گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، رێگە بۆ هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان تاران و تەلئەڤیڤ خۆش دەبێت.
تیزاشی هانگبی وەزیری حكومەتی ئیسرائیل بۆ كاروباری شارۆچكە جولەكەنشینەكان بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندووە، جۆ بایدن چەندین جار وتویەتی كە ئەگەر ببێت بە سەرۆكی ئەمریكا دەگەڕێتە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.
وتیشی، حكومەت و زۆرینەی خەڵكی ئیسرائیل لەو بڕوایەدان رێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران هەڵە بووە، هەر بۆیە گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ ئەو رێككەوتنە دەرگا بەڕووی شەڕی ئێران و ئیسرائیلدا دەكاتەوە.
ئەمریكا ساڵی 2018 لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كشایەوە و سزاكانی بەسەر تاراندا سەپاندەوە و ئیسرائیل و بەشێك لە وڵاتانی كەنداو پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو بڕیارەی ئەمریكا دەربڕی.