
عارف قوربانی
مێژووی ته‌عریب دوورودرێژه و ره‌گی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه و گه‌شه‌سه‌ندنی ئایینی ئیسلام، ئه‌وكات له‌گه‌ڵ گه‌یاندنی ئاینه‌كه به ناوچه‌كه‌دا كو‌لتوور و زمانی عه‌ره‌ب و دواتر نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بیشی به ناوچه غه‌یره عه‌ره‌بییه‌كاندا بڵاوكردووەته‌وه.
ئه‌مه به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر بووه بۆ ناو ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه‌ی دراوسێی عه‌ره‌به‌كان بوون و ئایینی ئیسلامیان وه‌رگرتووه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ته‌عریبی كوردستانه‌وه هه‌یه، به‌تایبه‌تی ئه‌م به‌شه‌ی باشوور كه له چوارچێوه‌ی ویلایه‌تی موسڵدا پێش 100 ساڵ لكێندراوه به عێراقی عه‌ره‌بییه‌وه، مێژووی ته‌عریب له‌م جوگرافیایه‌شدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان و به دیاریكراوی بۆ سه‌رده‌می مه‌دحه‌ت پاشا كه به‌هۆی هه‌ندێ‌ک كێشه و ناكۆكیی نێوان خێڵه عه‌ره‌به‌كانه‌وه له ویلایه‌ته‌كانی به‌سره و به‌غداوه چه‌ند تیره‌یه‌كی به‌ده‌ویی و چه‌ند عه‌شیره‌تێكی عه‌ره‌ب گوێزراونه‌ته‌وه بۆ ناو جوگرافیای ویلایه‌تی موسڵ.
ته‌عریبی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی كه حكومه‌ت به پلان و به سوودوه‌رگرتن له ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌تی كردبێتی، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چركه‌ساتی دۆزینه‌وه و ده‌رهێنانی نه‌وت له كه‌ركووك. له هێنانی عه‌ره‌ب بۆ كرێكاری له كێڵگه نه‌وتییه‌كانه‌وه تاوەکو ده‌گاته دروستكردنی پشتوێنه‌ی عه‌ره‌بنشین به‌ده‌وری ناوچه نه‌وتییه‌كاندا وه‌كو پشتوێنه‌ی ئه‌منی. مێژووی نێوان ئه‌م دوو قۆناخه له ساڵی 1927 تاوەکو 2003 حه‌فتاوپێنج ساڵه، له‌و مێژووه‌دا ته‌عریب ده‌گاته هه‌ره ئاستی مه‌ترسیداری وه‌كو تاوانی پاكتاوی ره‌گه‌زیی كورد و به‌زۆر گۆڕینی باری نه‌ته‌وایه‌تی (تصحیح قه‌ومیه) له كورده‌وه بۆ عه‌ره‌ب.
هه‌رچه‌نده ته‌عریب ستراتیجێكی ده‌وڵه‌تی بووه، هه‌ڵهێنجراوی ناو فكری نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌ب و كولتووره خێڵه‌كییه‌كه‌شیان بووه بۆ توانه‌وه‌ی هه‌موو گه‌له دراوسێكانیان و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی خاك و نیشتمانی نه‌ته‌وه‌كانی تری غه‌یره عه‌ره‌ب. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و ستراتیجه‌شدا له دیرۆكی ئه‌و سێ چاره‌كه سه‌ده‌یه‌دا هه‌ست به‌وه ده‌كرێت زۆرترین سه‌رنجیان له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه بووه كه ناوچه‌ی (نه‌وت)ین. ئه‌و هێڵه‌ی هه‌موو قورسایی ده‌وڵه‌ت خراوه‌ته‌سه‌ری بۆ به‌عه‌ره‌بكردنی هه‌ر له ناوچه‌كانی كوت و دیاله‌وه تاوەکو كه‌ركووك و ده‌شتی نه‌ینه‌وا، ئه‌و هێڵه‌یه كه به (زۆنی وزه) ناسراوه. واتە پرۆسه‌كه ته‌نها په‌یوه‌ست نییه به‌وه‌ی كه ناوچه‌ی هاوسنووریی بوون له‌گه‌ڵ عەره‌بستان و نزیكیی شوێن هۆكار بووه بۆ ته‌عریبكردنیان. ستراتیجه‌كه په‌یوه‌ندیی به بوونی نه‌وت و غازه‌وه هه‌بووه له‌و جوگرافیایه. ئه‌مه به‌و مانایه‌یه كه ئه‌گه‌ر ئه‌و زۆنه نه‌وتییه بكه‌وتایه‌ته ناوچه‌كانی هه‌ورامانه‌وه، یان شارباژێڕ و پشده‌ر و ناوچه‌ی سۆران، بێگومان قورسایی ته‌عریب ده‌خرایه سه‌ر ئه‌و ناوچانه.
ئه‌مه له گفتوگۆكانی نێوان شۆڕشی كورد و ده‌سه‌ڵاته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراقدا به ته‌واوی ره‌نگیداوه‌ته‌وه، كه هیچكات ئاماده نه‌بوون دان به‌و راستییه مێژوویی و واقیعه جوگرافیاییه‌دا بنێن كه ئه‌مانه ناوچه‌ی كوردستانن، ئه‌گه‌ر نكۆڵیشیان له‌و راستییانه نه‌بووبێت هه‌ر ئاماده نه‌بوونه بیخه‌نه ناو پرۆژه و چوارچێوه‌ی هیچ رێككه‌وتنێكه‌وه. ته‌نانه‌ت رازی نه‌بوون له ئۆتۆنۆمییه كارتۆنییه‌كه‌ی خۆشیاندا كه هه‌ر خۆیان حاكم و حوكمڕانی بوون، ئه‌و ناوچانه بخه‌نه ناو جوگرافیای ئۆتۆنۆمییه‌وه. هۆكاره‌كه‌شی زۆر روونه، له‌به‌ر ئه‌وه بووه كه ئه‌و ناوچانه نه‌وت و غازیان تێدایه.
واتە ته‌عریبی ناوچه‌كانی كوردستان له عێراقدا له سێ چاره‌كه سه‌ده‌ی حوكمی عه‌ره‌بی سووننه له عێراق، په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆی به بوونی نه‌وت و كیڵگه نه‌وتییه‌كانه‌وه هه‌بووه. ته‌نانه‌ت دوای كه‌وتنی سه‌دامیش و به رێكار و رێگه‌ی ده‌ستووریش چاره‌سه‌ر نه‌كراون، هه‌ر له‌به‌ر بوونی نه‌وته له‌م ناوچه‌یه. بۆیه بوونه‌ته ناوچه‌یه‌ك كه كێشه‌یان له‌سه‌ر دروستبووه، بناخه‌ی كێشه‌كه له‌به‌ر ئه‌و دوو هۆكاره‌یه كه یه‌كه‌م ناوچه‌ی نه‌وتین و دووه‌میش له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ده‌ستی به‌غداوه بووه. دڵنیام هه‌مووشمان هاوڕاین له‌وه‌ی به كه‌وتنی سه‌دام، ستراتیجی ده‌وڵه‌ت و زهنییه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی له عێراق به‌رانبه‌ر به ته‌عریب نه‌گۆڕاوه، ئه‌وه‌ی گۆڕاوه كاره‌كته‌ره‌كان و هه‌لومه‌رجه‌كه‌یه. به پراكتیكیش له‌م 17 ساڵه‌ی حوكمی شیعه‌ی عه‌ره‌بیشدا، كورد هه‌مان ئازار ده‌چێژێت به‌ده‌ستی سیاسه‌تی ته‌عریبه‌وه. سه‌رباری دۆستایه‌تی له‌مێژینه‌ی نێوان كورد و شیعه و زۆر فاكته‌ری تریش هه‌بوون كه هۆكاربوون بۆئه‌وه‌ی شیعه جیاوازبن له‌گه‌ڵ كورد، به‌ڵام ده‌ركه‌وت شیعه‌كان ئه‌وه‌ش بۆ كورد به ره‌وا نابینن كه سه‌دام پێی دابوون.
پرسیاره‌كه لێره‌دایه، سه‌ده‌ی رابردوو ئه‌وه‌ی بۆ سه‌لماندووین هه‌ر ناوچه‌یه‌كی كوردستان نه‌وتی تێدا دۆزرابێته‌وه كه‌وتووەته به‌ر لێشاوی ته‌عریب، باشه كه هه‌مووشمان هاوڕابین له‌وه‌ی عه‌قڵیه‌تی حوكمڕان نه‌گۆڕاوه، كه‌واتە ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رج به‌جۆرێك بگۆڕێت به‌غدا وه‌كو ده‌ستی به‌سه‌ر كه‌ركووك و ئه‌و ناوچانه‌دا گرتووه، ده‌ستی بگاته ئه‌م به‌شانه‌ی تری ناو هه‌رێمی كوردستان كه سامانی سرووشتییان تیایه، ئایا هه‌مان ئه‌و ستراتیجه‌ی له سه‌ده‌ی رابردوو به‌رانبه‌ر به كه‌ركووك په‌یڕه‌وكراوه، به‌سه‌ر ئه‌م ناوچانه‌شدا نایسه‌پێنێت؟ كه‌واتە چی لۆژیكێكه به پاساوی بوونی قه‌یرانی دارایی و ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی و به‌رژه‌وه‌ندیی حیزب و ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كورد له كه‌رتی نه‌وتی كوردستان، باس له‌وه بكرێته‌وه هه‌موو كێڵگه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم ته‌سلیم به به‌غدا بكرێت.
ده‌بێت ستراتیجناسانی كورد، عاقڵمه‌ندانی میلله‌ته‌كه‌مان وردتر له‌م پرسه بڕوانن، رێگەی بڕینی ده‌ستی به‌رژه‌وه‌ندخوازان و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی له‌و رێگه‌یه‌وه به‌دینایەت كه كه‌رتی نه‌وتی كوردستان بخرێته ده‌ستی به‌غداوه. به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ی به‌هێزكردنی ده‌زگا و دامه‌زراوه چاودێرییه‌كان و سه‌روه‌ركردنی یاسا و شه‌فافیه‌تی كه‌رتی نه‌وته‌وه ده‌بێت.
راكێشانی ده‌ستی به‌غدا له‌ژێر هه‌ر پاساو و به هه‌ر بیانوویه‌كه‌وه‌بێت بۆ نه‌وتی كوردستان، به‌هێزكردنی باسكی ته‌عریبه و گشتگیركردنی سیاسه‌تی پاكتاویی ره‌گه‌زییه به‌سه‌ر هه‌موو جوگرافیای كوردستاندا.