ئەیاد سەماوی
برای بەرێزم باوكی مەسرور… سڵاو ڕیزم قبوڵ بفەرموون
بەڕێز مەسعود بارزانی/ سڵاوی خودای گەورەت لێ بێت
زۆر بەرێز باوكی مەسرور.. ئەوەی من بۆت دەنووسم، هەرگیزا و هەرگیز لە هیچ سیاسییەكی دیكەی عێراقی نایبستی.. زۆریش گرنگە پێش ئەوەی بۆچوونی سیاسی خۆمت بۆ باس بكەم سەبارەت بە خودی خۆت و حزبەكەت و سەركردایەتی خانەوادەكەت بۆ ئەو حزبە و پەیوەندییەكانتان بە دەزگا هەواڵگرییە نێودەوڵەتییەكانەوە،
ئەم بۆچوونەشم زادەی ئەم قۆناغەی ئێستا نییە و دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو كاتێك عیسا سوار- ی جەلادی حزبەكەت 12 قوتابی شیوعی ڕفاندن لەو كاتەی دوای تەواوكردنی خوێندنەكەیان لە هەندەرانەوە بە كوردستاندا بەرەو عێراق دەگەڕانەوە، ئەو قوتابیانە بە دەستی جەلادەكەی حزبەكەت گیانیان لەدەستدا، فەخری كەریمی هاوڕێت بە باشی ئاگاداری ووردەكاری ئەو چیرۆكەیە، ئەو كات من یەكێك بووم لەو گەنجە شیوعییانەی هانامان بۆ خوالێخۆشبوو مەلا مستەفای باوكت برد و داوامان لێكرد ئەو گەنجە شیوعییانە ئازاد بكات، بەڵام داواكارییەكەمان بێ وڵام بوو.
جەنابی كاك مەسعود.. هەرگیز ڕۆژێك لە ڕۆژان باوەڕم بەوە نەبووە كە ئێوەی بنەماڵەی بارزانییەكان تۆزقاڵێك لاگیر و لاداری عێراق بووبن، یان چارەنووسی گەلی عێراقتان بەلاوە گرنگ بووبێت، دید و بۆچوونم سەبارەت بە خۆت و بنەماڵەكەت لە سەركردایەتیكردنی گەلی كوردا كتومت وەك دید و بۆچوونمە سەبارەت بە سەدامی گۆڕبەگۆڕ و خانەوادەكەی، ئەم قسانەشم لەسەر چەند ڕاستییەكی مێژوویی بنیاتنراون كە عەرەبەكان دەیزانن و كوردەكانیش زیاتر پێی ئاشنان.. ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەمان دید و بۆچوونم هەیە سەبارەت بە خۆت و حزبەكەت و خانەوادەكەت، لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە كە ئێوە هەرێمی كوردستانتان كردۆتە پەناگایەكی ئارام بۆ دوژمنانی عێراقی تازە كە خۆشتان بەشێكن لەو عێراقە، كوردستانتان كردۆتە ژینگەیەكی لەبار بۆ دەزگای موسادی ئیسڕائیلی كە پەیوەندییەكی مێژووییتان لەگەڵدا هەیە و لە شەستەكانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی پێكردووە، ئەوان بە هۆی ئێوەوە لە عێراقدا تەراتێن دەكەن، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا من سەرسامی شێوازی كاركردنی سیاسی تۆم لەگەڵ هەتیوەڵە شیعە و سونەكان، بە تایبەتی كاتێك بە لووتبەرزی و خۆبەزلزانین و سنگدەرپەڕاندنەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەكەی.
برای ئەزیزم باوكی مەسرور.. بە ووردی چاودێری كاردانەوەی خودی خۆت و حكومەتی هەرێمی كوردستانم كرد سەبارەت بە یاسای قەرزكردن كە دوێنێ پەرلەمانی عێراق پەسەندی كرد.. ئەوەی سەرسامی كردم مكوڕبوونتان بوو لەسەر ئەوەی شیعە و سونە دوژمنتانن، بۆیە پێت وا بوو كە ڕێككەوتنیان لەسەر پاراستنی پارە و پولی گەلی عێراق بە مەبەستەوە بووە و خەنجەرێكیشە لە پشتی گەلی كوردستان دراوە.. باوكی مەسرور؛ تو ئەو خودایەی بە هەقی دەناسی، تێرت نەخوارد لە 17 ساڵ دەسەڵاتخوازی و دكتاتۆریەت بەسەر گەلی قەلەندەری هەرێمی كوردستانەوە كە خۆت و كوڕەكانت و خانەوادەكەت بە ئاگر و ئاسن حوكمڕانیان دەكەن؟ ئەو دەیەها ملیار دۆلارە بەس نییە كە لە گەلی كورد و عەرەبتان دزی و لە بانقەكانی جیهاندا پەزمەندەتان كردووە؟ دەتەوێت هێشتا عێراقییەكان لە بەرامبەر ئەو تاڵان و بڕۆییەتان بیدەنگبن؟ ئێوە نیگەرانی چین لە دەرچوونی ئەو یاسایەدا؟ ئایا یاساكە بۆ كوردستان و بەسڕە وەك یەك نییە؟ بۆچی نەوت و دەرامەتە فیدڕاڵییەكان ڕادەستی خەزێنەی دەوڵەت ناكەن هەروەك لە سەرتاسەری عێراقدا دەكرێت؟ مانگی پێشوو لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر ئەو یاسایە رێككنەوتبوون كە لە پەرلەمان پەسەند كرا؟ باوكی مەسرور، ئایا لە خۆت پرسیووە ئاخۆ یاسا و دەستوری عێراق مافی ئەوەت پێ دەدات نەوت و گاز و باج و ڕسومات و دەرامەتی دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانەكان ڕادەستی خەزێنەی دەوڵەت نەكەیت؟ كوا ئەو خەنجەرەی كە شیعە و سونەكان لە پشتی هەرێمی كوردستانیان داوە.
باوكی مەسرور.. هەرگیز بیرت لەوە كردۆتەوە كە دەیەها هەزار فەرمانبەری كورد كە لە وەزارەت و دامەزراوە ئیتحادییەكان كار دەكەن و بارێكی گرانیشن بەسەر خەزێنەی دەوڵەتی عێراقەوە و كاتی ئەوەش هاتووە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێنەوە؟ باوكی مەسرور.. باوەڕی تەواوت بەوە هەبێت كە ئێمەی شیعە و سونە زۆر زیاتر لە خۆت و خانەوادە فیوداڵییەكەت خەمخۆری گەلی هەرێمی كوردستانین، ئێمە ئامادەین بێ هیچ جیاكارییەك قوتی ڕۆژانەمان لەگەڵ برا كوردەكانماندا بەش بكەین.. بەسە چی دیكە باو بالۆرەی تایەفەگەری لی مەدە و چی دیكە لەسەر ئەو پەتە یاری مەكە..
لەگەڵ ئەو پەڕی ڕێزم بۆ جەنابتان..