
ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، زنجیرەیەک سزای نوێی بەسەر چەند کەسایەتیی و دامەزراوەیەکی ئێرانیدا سەپاندووە، لەنێو سزاکانیشدا دامەزراوەکەی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئەو وڵاتەی تیدایە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا بڵایکردەوە، سزاکان دامەزراوەی موستەزعەفان (دامەزراوەی بێنەوایان) کە لەلایەن عەلی خامنەییەوە خاوەندارێتی دەکرێت دەگرێتەوە، هەروەها نزیەکی ١٠ کەسایەتی و ٥١ کیانی دیکەی ئێرانی لەخۆدەگرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، کە رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە رێگای دامەزراوەکەیەوە، لەژێر ناوی خێرخوازیدا؛ خەڵاتی هاوپەیمانەکانی کردووە. هاوکات، ئەمریکا لە سزادانی کەسایەتییە باڵا و سەرچاوە مەزنە ئابورییەکانی ئێران بەردەوام دەبێت.
بە تۆمەتی ئەوەی وەزارەتەکەی لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا بە تایبەتی لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکانی مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا رۆڵی هەبووە، سزاکانی ئەمریکا محەمەد عەلەوی وەزیری هەواڵگری (ئیتڵاعات)ی ئێرانیشی گرتووەتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاندووە، کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەبێتە هۆی گۆڕانی ژینگەی “هەڕەشە” بۆ ژینگەی “درووستکردنی دەرفەت”.