سەرۆكی فەرەنسا مۆڵەتی 15 رۆژ دەداتە سەركردەی مسوڵمانەكان و پێشنوێژی مزگەوتەكانی وڵاتەكەی بۆ ئەوەی پەیمانی بەهاكانی كۆماری فەرەنسا واژۆ بكەن.
ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لەچوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ رووبەڕووبونەوەی توندڕەوی لەگەڵ نوێنەرانی نۆ ئەنجومەنی ئیسلامی و سەركردە و پێشنوێژ و وتارخوێنی مسوڵمانی وڵاتەكەی كۆبوەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا ماكرۆن مۆڵەتی 15 رۆژی دایە سەركردە و نوێنەرانی مسوڵمانانی فەرەنسا بۆ ئەوەی پەیمانی بەهاكانی كۆماری ئەو وڵاتە كە لەسەر بنەمای عەلمانیەت داڕێژراوە واژۆ بكەن.
بەپێی پەیمانەكە ئیسلام لە فەرەنسا ئایینە نەك بزوتنەوەیەكی سیاسی، هەر وەها دەبێت نوێنەرانی مسوڵمانانی ئەو وڵاتە بەڵێن بدەن هەر جۆرە دەستوەردانێكی دەرەكی لە كاروباری ئایینی خۆیان رەتبكەنەوە.
دوابەدوای زنجیرەیەك هێرش لە فەرەنسا كە بووە هۆی كوژران و برینداربوون ژمارەیەك هاوڵاتی ئەو وڵاتە، حكومەت چەند رێوشوێنێكی بۆ رووبەڕوبوونەوەی گروپە توندڕەوەكان گرتەبەر.