بانكی باركلەیزی بەریتانی پێشبینی دەكات لە ساڵی 2021دا نرخی یەك بەرمیلێك نەوتی خاو بگاتە 53 دۆلار، رێوشوێنەكانی رێكخراوی ئۆپێك و سەركەوتنی تاقیكردنەوەكانی چەند ڤاكسینێكی دژە كۆرۆناش هۆكاری ئەو گەشبینییەن.
بانكی باركلەیز لە یاداشتێكدا بڵاویكردوەتەوە، پێشبینی دەكرێت لەساڵی 2021دا نرخی بەرمیلێك خاوی برێنت بگاتە 53 دۆلار و بەرمیلێك خاوی ئەمریكیش بگاتە 50 دۆلار، ئەوەش بەهۆی كۆنترۆڵكردنی بەرهەم لەلایەن رێكخراوی ئۆپێك و سەركەوتنی ڤاكسینەكانی دژە كۆرۆناوە دێتەئاراوە، كە خواستیان لەسەر نەوت بەرزكردوەتەوە.
رونیشكراوەتەوە، بڵاوكردنەوەی ڤاكسینە چالاكەكان لە ماوەیەكی كورتدا خاڵێكی وەرچەرخان دەبێت لە خواست لەسەر نەوت، ئەوەش دەبێتەهۆی بوژانەوەی ئابوری.
بانكە بەریتانیەكە پێشبینی ئەوەش دەكات، رێكخراوی ئۆپێكی تایبەت بە وڵاتە هەناردەكارەكانی نەوت، زیادكردنی بەرهەمهێنان بۆ ماوەی سێ مانگی دیكە دوابخات.
لەو چوارچێوەیەشدا، لە یەكەم رۆژی كاردا، ئەمڕۆ یەك بەرمیل خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا، بە 45 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەكرا.
لە هەمان كاتدا یەك بەرمیل خاوی خۆرئاوای تێكساسی ئەمریكی بە 42 دۆلار و 68 سەنت فرۆشرا.