به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه حسێن زوهه‌یری ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له لوبنان گیانیله‌ده‌ستدا و ئه‌وه‌ش دووه‌م په‌رله‌مانتاره به‌هۆی په‌تاكه‌وه بمرێت.
سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵی عیراق بڵاویانكردوه‌ته‌وه، حسێن زوهه‌یری دوای توشبونی به ڤایرۆسی كۆرۆنا، له‌ژێر چاودێریی پزیشكیدا بوه، به‌ڵام به‌هۆی كاریگه‌ریی په‌تاكه‌وه كۆچی دوایی كردوه.
به‌پێی زانیارییه‌كان، زوهه‌یری له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی لوبنان بوه كاتێك گیانیله‌ده‌ستداوه.
لای خۆیشیه‌وه محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق پرسه و سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی كه‌سوكاری ئه‌و په‌رله‌مانتاره كردوه، كه ئه‌ندامی فراكسیۆنی به‌دری سه‌ربه هادی عامرییه و ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان بوه.
له مانگی ته‌مموزی رابردوش، غیدا كمبش په‌رله‌مانتار له‌سه‌ر پشكی هاوپه‌یمانی هێزه عیراقییه‌كان به‌هۆی په‌تای كۆرۆناوه گیانیله‌ده‌ستدا.