دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا لێبوردنی سه‌رۆكایه‌تی بۆ مایكڵ فلین ڕاوێژكاری پـێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌مریكا ده‌ركرد، كه تاوانباره به درۆكردن و پـێدانی زانیاری ناڕاست به ده‌زگای لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی FBI.
ترامپ له‌سه‌ر تویته‌ری خۆیه‌وه نوسیویه‌تی “جێی شانازیـیه‌كی گه‌وره‌یه رایبگه‌یه‌نم، كه جه‌نه‌ڕاڵ مایكڵ فلین لێبوردنێكی ته‌واوی پـێبه‌خشرا. پیرۆزبێت له جه‌نه‌ڕاڵ فلین و خێزانه به‌ڕێزه‌كه‌ی. ده‌زانم ئێستا به راستی جه‌ژنێكی سوپاسگوزاری نایابتان ده‌بێت!”.
مایكڵ فلین له میانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌گه‌ڵیدا سه‌باره‌ت به كه‌یسی ده‌ستێوه‌ردانی روسیا له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2016 ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا، زانیاری هه‌ڵه‌ی دابوو به ده‌زگای FBI سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ باڵیۆزی روسیا له ئه‌مریكا به‌رله‌وه‌ی دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكایه‌تی وڵات بگرێته‌ده‌ست، به‌ڵام پاشان دانی نابو به‌وه‌ی قسه‌ی راستی نه‌وتبو.
له‌وباره‌یه‌شه‌وه كرێس ڤان هاڵن سیناتۆری دیموكراته‌كان له تویته‌ره‌كه‌یه‌وه نوسیویه‌تی “ئاساییه سه‌رۆك به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی سوپاسگوزاریـیه‌وه لێبوردن بۆ قه‌لێكی بێگوناح ده‌ربكات، به‌ڵام نه‌ك بۆ كه‌سێك له ژێر سوێندخواردندا درۆی له‌گه‌ڵ FBIدا كردبێت”.
مایكل فلین جگه له‌وه‌ش، تاوانباره به‌وه‌ی زیاتر له 500 ملیۆن دۆلاری له حكومه‌تی توركیا وه‌رگرتووه له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌ی كاری بۆ بكات، ئه‌وه‌ش به‌بێ ئه‌وه‌ی له ده‌زگا فه‌رمییه‌كانی ئه‌مریكا تۆماریبكات.