
هاووڵاتییه‌كی دانیشتوی كه‌ركوك به‌ناوی عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د ئۆتۆمبێلێك له دار و ته‌خته دروستده‌كات و ده‌ڵێت “ماوه‌ی كه‌ره‌نتین و قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ، هه‌لێكبوو بۆئه‌وه‌ی له ماوه‌ی شه‌ش مانگدا، ئۆتۆمبێله‌كه دروستبكه‌م”.
عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د پیشه‌ی دارتاشه و له‌دایكبووی ساڵی 1976ی شاری كه‌ركوك-ه، ماوه‌ی 32 ساڵه سه‌رقاڵی پیشه‌ی دارتاشییه و له‌پاڵ پیشه‌كه‌یدا، خولیای كاری چاككردنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلیشی هه‌یه.
عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د له‌سه‌ر بیرۆكه‌ی دروستكردنی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ وتویه‌تی “ماوه‌ی دووساڵه بیرۆكه‌ی دروستكردنی ئۆتۆمبێلم هه‌یه، به‌ڵام به‌هۆی كه‌می كات و سه‌رقاڵبوونم به‌كاری دارتاشییه‌وه نه‌په‌رژاومه‌ته سه‌ری، بۆیه ماوه‌ی كه‌ره‌نتینه و قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ، ده‌رفه‌تێكی باشبوو بۆئه‌وه‌ی به‌ئامانجه‌كه‌م بگه‌م، ئه‌ویش دروستكردنی ئۆتۆمبێله له دار و ماوه‌ی شه‌ش مانگه له‌ناو دوكانی دارتاشییه‌كه‌م له گه‌ڕه‌كی ره‌حیماوا كارم تیادا كرد و ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه كاره‌كه‌م به‌سه‌ركه‌وتوویی به‌كۆتا گه‌یاند و له‌ئێستادا، ئۆتۆمبێله‌كه‌م به‌شه‌قامه‌كانی كه‌ركوكدا ده‌ڕوات به‌بێ هیچ كێشه و گرفتێك”.
عه‌بدوڵڵای دارتاش باسی له‌وه‌كردوه، ئوتۆمبێلێكی كۆن و وه‌رگه‌ڕاوه‌ی به‌تابلۆكه‌یه‌وه كڕی و ته‌نها شاسێكه‌ی تیادا هێشته‌وه و گێڕ و مه‌كینه‌یشی بۆ كڕی له‌گه‌ڵ كرێكاره‌كانیدا، ده‌ستیان به دروستكردنی كرد و وتی “ئۆتۆمبێله‌كه‌م له سۆشیال میدیادا بینی و به‌دڵم بوو، كه مارسێدسی مۆدێل 1953 بوو، منیش له‌سه‌ر شێوازی ئه‌و ئۆتۆمبێله ئه‌م ئۆتۆمبێله‌م به‌داری جۆری ڤێكس دروستكرد، كه ئه‌م داره له كه‌ركوك نییه و له شاری سلێمانی-یه‌وه كڕیم و كارم پێی كرد، دواتر جۆره بۆیاخێكم كردوه، كه به‌رگه‌ی سه‌رما و گه‌رما ده‌گرێت و بۆ هه‌موو وه‌رزه‌كان گونجاوه”.
عه‌بدوڵڵای دارتاش ده‌شڵێت “ئۆتۆمبێله‌كه‌م به‌ناوی خۆمه‌وه ناو ناوه و لۆگۆكه‌یشی پیتی (ع)ینه به خه‌تی كوفی عه‌ره‌بی و ئه‌ویش پیتی یه‌كه‌می ناوه‌كه‌ی خۆمه، چونكه زۆر ماندوبوم به‌دروستكردنی و پێمخۆشبو به‌ناوی خۆمه‌وه ناوی بنێم”.
وتیشی “له دروستكردنی ئه‌و ئوتۆمبێله هیچ كه‌س هاوكار و پاڵپشتم نه‌بوو، بۆیه ئه‌گه‌ر بێت‌و حكومه‌ت و كاربه‌ده‌ستان هاوكارم بن، ده‌توانم كاری باشتر و گه‌وره‌تر ئه‌نجامبده‌م و پرۆژه‌كه‌م گه‌وره‌تر بكه‌مه‌وه بۆ خزمه‌تی خه‌ڵكی كه‌ركوك”.
هه‌روه‌ها له كۆتاییدا ده‌ڵێت “كاتێك به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا تێده‌په‌ڕم خه‌ڵكێكی زۆر سه‌یری ئۆتۆمبێله‌كه‌م ده‌كه‌ن و لایان سه‌یره، كه به‌دار دروستكراوه، هه‌ندێكجار له شوێنێكدا رایده‌گرم خه‌ڵكی وێنه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌گرن و هه‌ندێك كه‌سیش داوای كڕینی ده‌كه‌ن، به‌ڵام نیازی فرۆشتنیم نییه، چونكه بۆ حه‌زی خۆم دروستم كردوه نه‌وه‌ك بۆ قازانجی مادی”.