رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو په‌رله‌مانی كوردستان كۆده‌بێته‌وه، پێشنیازه‌یاسایه‌ك له‌باره‌ی په‌روه‌رده، پرسی كۆچی گه‌نجان بۆ ده‌ره‌وه و هه‌روه‌ها بیرۆكه‌یه‌كی په‌یوه‌ست به ره‌خساندنی هه‌لی كار گفتوگۆیان له‌باره‌وه ده‌كرێت.
ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی رۆژی دووشه‌ممه‌ی راگه‌یاند، به‌پێی به‌رنامه‌ی كاره‌كه، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م ده‌كرێت بۆ هه‌ریه‌كه پێشنیازه‌یاسای په‌روه‌رده و خوێندن له هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای زانكۆ تایبه‌ته‌كان.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌دا، به‌ئاماده‌بونی وه‌زیره په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، خوێندنه‌وه و گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌ردوو راپۆرتی لیژنه‌ی “په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردستانی” و لیژنه‌ی “رۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان” ده‌كرێت، سه‌باره‌ت به دیارده‌ی كۆچی گه‌نجان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
له ته‌وه‌ری سێیه‌می كۆبونه‌وه‌كه‌دا بیرۆكه‌ی په‌رله‌مانتار شنۆ ئه‌شقی عه‌بدوڵڵا، په‌یوه‌ست به “ره‌خساندنی هه‌لی كار له‌هه‌رێمی كوردستان” ده‌خرێته‌ڕوو.