لەئێستادا چەند ڤاكسینێكی دژە كۆرۆنا سەركەوتنیان راگەیەندراوە و دەستكراوە بە بەكارهێنانی لە روسیا، بەڵام ئایا ئەوانەی توشی كۆرۆنا بون و چاكبونەتەوە پێویستییان بە ڤاكسین هەیە؟.
ماڵپەڕی “هافینگتۆن پۆست” لە زاری وتەبێژێكی وەزارەتی تەندروستی بەریتانییەوە بڵاویكردوەتەوە، وەزارەتەكە هانی ئەو كەسانە دەدات، كە لە پەتای كۆرۆنا چاكبونەتەوە، ڤاكسینەكە وەربگرن.
لای خۆیەوە سارە فۆرچن سەرۆكی بەشی بەرگری و نەخۆشییە گواستراوەكان لە كۆلێژی هارڤارد بۆ تەندروستی گشتی رایگەیاندوە، هیچ بەڵگەیەك نییە لەسەرئەوەی ئەوانەی توشبون و چاكبونەتەوە، ڤاكسین سەلامەت نەبێت بۆیان.
لەو چوارچێوەیەشدا ئێلینور ریلی مامۆستای بەرگری و نەخۆشیە گواستراوەكان لە زانكۆی ئیدنبرە لە سكۆتلەندا دەڵێت “ئەوانەی لە پەتاكە چاكبونەتەوە، بەرگرییان لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر جیاوازە و هەیانە ئەگەری توشبونەوەی هەیە، ئەو بەرگرییەشی دروستدەبێت بۆ ماوەیەكە و هەمیشە بەردەوام نابێت، هەشیانە ئاستێكی بەرز بەرگری دژی پەتاكە دروستدەكات”.
زانایان تەئكیددەكەنەوە، ڤاكسینەكان رێژەیەكی زۆر بەرز لە دژە تەن لە جەستەدا چالاك دەكەن، ئەوانەشی چاكبونەتەوە دوای ماوەیەك ئەگەری دوبارە توشبونەوەیان هەیە، بۆیە پێویستە ئەوانیش بپارێزرێن.
بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی زانكۆی “رۆكفلر”ی ئەمریكی-یش، ئەوانەی لە كۆرۆنا چاكدەبنەوە، بەرگرییەكی خێرا و چالاك دروستدەكەن ئەگەر دوبارە توشی ڤایرۆسەكە ببنەوە.