ئەو نەخۆشیە سەیرەی لە هیندستان سەریهەڵداوە بەردەوامە لە بڵاوبونەوە و تائێستاش نزیكەی 600 كەس توشبون، رێكخراوی تەندروستیی جیهانیش تیمێكی تایبەتی ناردە ئەو وڵاتە.
كەناڵی “تایمز ناو”ی هیندی بڵاویكردوەتەوە، ئەو نەخۆشیە نەناسراوەی لە شاری “ئیلورو”ی وڵاتەكەیان سەریهەڵداوە، توشبوانی گەیشتونەتە 593 كەس.
رونیشكراوەتەوە، ئەوەی توشی نەخۆشیەكە دەبێت لە 3 بۆ 5 خولەكی سەرەتادا توشی پەركەم دەبێت و دوای چەند خولەكێكیش توشی لەبیرچونەوە دەبێت، دواتر كتوپڕ دەبورێتەوە، هەروەها سەرئێشە و ئازاری پشت لە نیشانەكانی دیكەی نەخۆشییەكەن.
ئەوەش هاتوە، رێكخراوی تەندروستی جیهانی تیمێكی تایبەتی لێكۆڵینەوەی ناردوە بۆ ناوچەكە، هەروەها تیمێكی تایبەتی هیندی نێردراونەتە شارەكە بۆ دۆزینەوەی هۆكاری نەخۆشییەكە.
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ ئەو ناوچەیە كێشەی ئاوی پاكی خواردنەوەیان هەیە و نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی ویلایەتی ئەندرا برادیشی هیندستانیش بڵاویكردوەتەوە، ئەگەری هەیە نەخۆشیەكە بەهۆی ژەهراویبون بە قورقوشم و نیكڵەوە بوبێت، كە لە ئاو و شیری ناوچەكەدا دۆزراوەتەوە.