شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق جەختدەكاتەوە، رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ نزیكە.
شیرواز میرزا لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەكردوە، لێكنزیكبونەوەیەكی زۆر لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ هەیە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و یەكلاییكردنەوەی دۆسیە داراییەكانی نێوانیان.
باسی لەوەشكردوە، كۆبونەوەی لیژنە هونەرییەكان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی و ئەوەی لەسەر هەردوولایە بۆ جێبەجێكردنی، لەئارادایە، بەمنزیكانەش ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ كۆدەبێتەوە بۆ پەسندكردنی پرۆژەیاسای بودجە و ناردنی بۆ پەرلەمان.
كۆبونەوەكانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بەردەوامن و بەپێی زانیارییەكان هەردوولا نزیكبونەتەوە لە رێككەوتن و چەند لایەنێكیش لەوانە حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان هۆشداری دەدات لەوەی هەر رێككەوتنێك پێچەوانەی بەندەكانی یاسای قەرز بێت، پوچەڵە.