57 رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ئیدانه و سه‌ركۆنه‌ی هه‌ر جۆره توندوتیژییه‌ك ده‌كه‌ن، كه به‌رانبه‌ر به خۆپیشانده‌رانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامده‌درێت، داواش له حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ن هه‌نگاوی كرداری بۆجێبه‌جێكردنی داواكاری خۆپیشانده‌ران بگرێته‌به‌ر.
57 رێكخراوه‌كه له راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شدا رایانگه‌یاندوه “پشتیوانی له داواكاری خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ین و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌ستبردن بۆ موڵكی گشتی و سه‌روماڵی هاووڵاتیان له‌كاتی ناڕه‌زاییه‌كان ره‌تده‌كه‌ینه‌وه و به كارێكی نابه‌جێ و دور له عورفی كۆمه‌ڵگای كوردی ده‌زانین”.
هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ن هه‌رچی زووه كاربكرێت بۆ جێبه‌جێكردنی داواكاری ره‌وای خۆپیشانده‌ران و هه‌نگاوی كرده‌یی بنرێت بۆ باشتركردنی گوزه‌رانی هاووڵاتیان و دابینكردنی شایسته داراییه‌كانی موچه‌خۆران.
57 رێكخراوه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی داواش ده‌كه‌ن پاراستنی سه‌لامه‌تی خۆپیشانده‌ران بسپێردرێت به هێزی چالاكییه مه‌ده‌نییه‌كان و پۆلیس و ده‌ستبه‌جێ ته‌واوی خۆپیشانده‌رانیش له سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێم ئازادبكرێن.
له به‌شێكی دیكه‌ی داواكارییه‌كاندا هاتوه “بڕیاربدرێت به‌سه‌ربازگه‌كردنی شار و شارۆچكه‌كان رابگیرێت و هێزی پێشمه‌رگه و هه‌ر هێزیكی تر له‌ده‌ره‌وه‌ی هێزی چالاكییه مه‌ده‌نییه‌كان و هێزی پۆلیس، له‌ناوه‌ندی شار و شارۆچكه‌كان دوربخرێنه‌وه”.
له دوا خاڵی داواكارییهكانیشدا ئاماژه به پێویستی پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی باڵا له په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كراوه، به‌مه‌به‌ستی ده‌ستنیشانكردن و لێپرسینه‌وه و به‌سزاگه‌یاندنی ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی توندوتیژییان به‌رانبه‌ر خۆپیشانده‌ران به‌كارهێناوه.