لە ناوچەیەكی باكوری خۆرئاوای ئینگلتەرا، ئاگرێكی گەورە لە دوو بینادا كەوتەوە، كە 80 ئۆتۆمبێلی گرانبەهایان تێدا بوە و زیانەكانی بە چەندین ملیۆن دۆلار هەژماردەكرێت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی پۆلیس، ئەو 80 ئۆتۆمبێلە گرانبەهایە لە دوو بینادا بون لە گوندێكی ناوچەی چیشێر لە باكوری خۆرئاوای ئینگلتەرا و ئۆتۆمبێلی جۆری “لافیراری” تێدایە، كە نرخەكەی دەگاتە سەروو ملیۆنێك و 600 هەزار دۆلار، سەرەڕای جۆرەكانی “لامبۆرگینی” و “پۆرش” و “جاگوار”.
رۆژنامەی “زە سەن”ی بەریتانیش ئاماژەی بەوەكردوە، خاوەندارێتی ئۆتۆمبێلەكان بۆ بازرگانێكی دەوڵەمەندی ئەو بوارە دەگەڕێتەوە و سەرچاوەیەكی پۆلیسیش وتویەتی “تیمێكی هاوبەشی پۆلیس و ئاگركوژێنەوە لێكۆڵینەوە دەكەن بۆ دۆزینەوەی هۆكاری ئاگرەكە، كە پێدەچێت بەدەستی ئەنقەست بێت”.
هەروەها سەرچاوەیەكی دیكەش بە رۆژنامەكەی وتوە، خاوەنی ئۆتۆمبێلەكان لە رەوشێكی قورسدایە و بە تەواوی داڕوخاوە، تەنانەت ئەگەر كۆمپانیای بیمە زەرەرە گەورەكەی بۆ ببژێرێت، ئەوا هەر لە رووی مەعنەوییەوە كەلێنێكی گەورەی بۆ دروستدەبێت، چونكە ئۆتۆمبێلی كلاسیكی تایبەتیشیان تێدابوە و قەرەبو ناكرێنەوە.